لقی پێنجی پارتی: كاری گێرەشێوێنی كێشەكان ئاڵۆزتر دەكا
ئەمڕۆ شەممە 17/10/2020، لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، لە بارەی هێرشی سەر بارەگای لقەكە و سووتاندنی، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ئەوەی دەربڕی، كە كۆمەڵێك كەسی دەرچوو لە یاسا، كاتژمێر 10ـی بەیانی ئەمڕۆ هێرشیان كردووەتە سەر لقی پێنج و دوای بڕینی بەربەستی ئەمنی و هێرشكردنە سەر پاسەوانانی لق، چوونەتە نێو بارەگەی لق و سووتاندوویانە.
لقی پێنج، سەركۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە دەكا و ئەوە بە كارێكی "گێرەشێوێنی و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و تەناهی لە بەغدا" ناو دەبات.
داوای ئەوەشی كردووە، حكوومەتی عێراق لێكۆڵینەوەی ورد بكات و ڕێوشوێنی یاسایی دژی ئەو كۆمەڵ و دەستە كەسە بگرێتە بەر، كە "هۆكاری بڵابوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ بوون لە نێو ماڵباتەكانی گەڕەكی كەڕادەی بەغدا."
لقی پێنج، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو كارە گێرەشێوێنییە، كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر ناكات و ئاڵۆزتری دەكا و ڕێ بۆ كەسانی دەرچوو لە یاسا خۆش دەكات كە "لەگەڵ پێشهاتەكاندا بە حەز و خواستی خۆیان بجووڵێنەوە."
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە هێزە سیاسییە عێراقییەكان دەكا، كێشەكان بە گفتوگۆ و فاكتەری دیپلۆماسی و شارستانی چارەسەر بكەن، خوازیاری ئەوەشە "هەموو ئەو هێز و لایەنانەی بڕوایان بە دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەسەڵاتی یاسا هەیە، رووبەرووی هەر لایەنێك بووەستنەوە كە هەوڵی تێكدانی ئارامی و نەهێشتنی سەقامگیری دەدەن و گورز لە یەكڕیزیی نیشتمانی دەدەن."
لە بەیاننامەی لقی پێنجی پارتیدا، ئەوە دووپات كراوەتەوە، كە سووتاندنی ئاڵای كوردستان و گاڵتەكردن بە ڕەمزەكانی كورد، كە ساڵانێكە لە پێناو دیموكراتی و ئازادیدا دەكۆشێ، كارێكی نامۆڕاڵانەیە.
باسنيوز