لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای پارتی لە بەغدا دەسووتێنن

لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای پارتی لە بەغدا دەسووتێنن


لایەنگرانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەغدای پایتەختی عێراق بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لەو شارە، دەسووتێنن.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17-10-2020، لایەنگرانی حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر باره‌گای لقی پێنجی پارتی له‌ به‌غدا و سووتاندیان.

لایه‌نگرانی حه‌شدی شەعبی وێڕای سووتاندنی باره‌گاكه‌ و هه‌ڵكردنی ئاڵای میلیشیاكان له‌ سه‌ر باره‌گاكه‌، ئاڵای كوردستانیشیان سووتاند.

بەپێی زانیارییەکان، هەرچەندە هێزه‌كانی چالاكی مه‌ده‌نی و پۆلیسی عێراق له‌ شوێنه‌كه‌ بوون، به‌ڵام هیچ رێگرییه‌كیان له‌لایه‌نگرانی میلیشیاکان بۆ سووتاندنی بارەگاکەی پارتی، نه‌كردووە.

هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای باڵوێزخانەکان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ حكومه‌تی عێراق دروستكردووه‌، پێشتریش لایه‌نگرانی حه‌شدی شەعبی چەندین جار هەڵیانکوتاوەتە سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا.

ئەو ناسەقامگیری و هەڕەشە بەردەوامانەی میلیشیاکان لەسەر گیانی هاووڵاتییان و نێردە و لایەنەکان، وایكردووه‌ به‌غدا به‌ ناجێگیرترین و ناسه‌قامگیرترین پایته‌خت له‌ جیهان دابنرێت.

پێشتریش لە شەوی دووشەممە 31-8-2020، ژمارەیەک کەسی سەر بە حەشدی شەعبی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی (دیجلە)یان لە ناوچەی جادرییەی بەغدا سووتاند و هێزە ئەمنییەکانیش جگە لە سەیرکردنی ساتی سووتاندنی کەناڵەکە، هیچ کاردانەوەیەکیان نەنواند، تەنانەت کارمەندە ئەمنییەکان بە سووتاندنی کەناڵەکە دڵخۆش بوون.









باسنیوز
Top