سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: هەڵبژاردنی پێشوەختە دوادەخرێ
سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵاتەکەیدا، دوادەخرێ.
ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 عادل لامی، سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆن بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، یەکلانەکردنەوەی پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردن قەیرانی سیاسیی نوێی سیاسی دروست دەکات.
عادل لامی هەروەها رایگەیاندووە، دواخستنی دەنگدان لەسەر و یەکلاکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی داهاتوو دەبێتە هۆی درەنگ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دواخستنی بۆ مانگی حەوت یان هەشتی ساڵی داهاتوو.
لامی بە جەختکردنەوە لەوەی کۆمسیۆن بۆ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن پێویستیی بە لانی کەم شەش مانگە، رایگەیاندووە، پرسی دیاریکردنی بڕە بودجەیەکیش بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پێویستییەکی دیکەی هەڵبژاردنەکەیە.
پێشتر و بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانی عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە رۆژی 6-6-2021، دا.
هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراق، جگە لە دەست لەکار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق.
عادل عەبدولمەهدی (لەدایکبووی 1942 لە بەغدا)، لە مانگی 10ـی 2018 وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست بەکار بوو و لە رۆژی 30-11-2019 دەستی لەکار کێشایەوە و رۆژی دواتر پەرلەمانی وڵاتەکەی دەست لەکار کێشانەوەکەی قبوڵ کرد.
دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر داوای مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و دوای پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی، هات.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 1-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاوی خواردنەوە و کارەبا و بێکاریی گەنجان، دەستیان پێکرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی تێیاندا، زیاتر لە 600 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی 20 هەزاری دیکەش بریندار بوون.
باسنیوز