ئەمەریكا ھیچ گرێنتییەكی نەداوە بۆ پاشەكشەكردن لە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە عێراق
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مایك پۆمپێیۆ، دوێنێ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، وڵاتەكە خۆشحاڵە بە رێوشوێنەكانی حكومەتی عێراق گرتوویەتەبەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و ئاسایشی دیپلۆماتكارانی واشنتن لە بەغدا بە "ئەلەویەت" دانا.
بەپێی قسەكانی ئەو بەرپرسە عێراقییە، كە لەگەڵ "العربی الجدید" بە تەلەفۆن قسەی كردووە و نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت،"ئەو قۆناغەی ئێستا تاقیكردنەوەیە ئاخۆ حكومەتی عێراق چەند دەتوانێت سەركەوتوو بێت لە دەستەبەركردنی ئاساییشی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماتیەكان، ھەروەھا ئاخۆ گرووپە چەكدارەكان پابەند دەبن بە بەڵێنەكانیان لەم بارەوە".
روونیشیكردەوە، "حكومەت ھیچ دڵنیاییەكی لە ئەمەریكاوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە پاشگەزبوونەوە لەم ھەنگاوەی داخستنی باڵیۆزخانەكەیان، تا ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بە ستافێكی سادە كار دەكات و كارمەندانی ناپێویست ماوەی دوو ھەفتە دەبێت گواستراونەتەوە بۆ ھەولێر، بۆیە لەوانەیە لە ھەر كات و ساتێكدا بڕیارەكەی جێبەجێبكات ئەگەر ھێرشەكان دەستیانپێكردەوە یان لە پڕێكدا رووداوێك لە بەغدا رووبدات، كە پەیوەست بێت بە ئاسایشی ئەمەریكاییەكان لە ناوچەی سەوز".
ھەمان بەرپرس روونیكردەوە، "راگرتنی ئەو ھێرشانە لە ئێستادا، لە ئەنجامی رێكارە ئەمنییەكان نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو لێكتێگەیشتنانەیە، كە چەند لایەنێكی عێراقی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان پێیگەیشتوونە و زۆربەی ئەو گرووپانە چوونەتە ناو ئەو ھێرشڕاگرتنەی دراوەتە واشنتن و بەڵینیان داوە ھیچ ھێرشێك ئەنجام نەدەن بەو مەرجەی ئەمەریكا ھێزەكانی خۆی لە عێراق بكشێنێتەوە".
جەختیشیكردەوە، "ئێستا ترس لەو گرووپە چەكدارە بچووكانە ھەیە، كە تاكو ئێستا ھەڵوێستێكی روونیان لەو ھێرشڕاگرتنە رانەگەیاندووە و ھەر دەرچوونێك لەمە لەوانەیە ئەم ئارامییە بگۆڕێت و واشنتن پاڵبدات بەرەو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی". ئاماژەشیكرد، رێكارە ئەمنییەكان لەناو ناوچەی سەوز و لە دەرەوەی زۆر توندن".
ھاوكات سیاسییە عێراقییەكان جەختییان كردەوە میلیشیاكان بەردەوامن لە سەر راگرتنی ھێرشەكان و سیاسەتوانی عیراقی، سادق موسەوی لە چریكەیەكیدا لە تویتەر نووسیویەتی: زانیاریم پێگەیشتووە، كە جەختدەكاتەوە لەوەی ھێرشكردن راگیراوە و ھیچ مووشەكێك ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ناكرێت بۆ ماوەی 40 رۆژ و تا ناوەندی مانگی تشرینی دووەم كۆتایی دێت". گوتیشی: "ھێرشڕاگرتنەكە مەرجدارە و یەكێك لە مەرجەكان بەردانی ئەو پارانەی ئێرانە لە بانكەكانی عێراقدا و مستەفا كازمی ئەمەی جێبەجێكرد".
لە بەرامبەردا، ھێزە سیاسییەكانی پەیوەست بە گرووپە چەكدارەكان ئەم بڕیارەی واشنتن بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بەھەند وەرناگرن و دەڵێن: "تەنھا ھەڕەشەیەكە".
پەرلەمانتاری "ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" گاتیع رەكابی، سەبارەت بە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا گوتی: "تەنھا یارییەكە" و لە لێدوانەكانیدا گوتیشی: "ھیچ ھەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا نەبووە و ھێرشە مووشەكییەكان ھەموو ناوچەی سەوزی دەكردە ئامانج، تەنھا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا نەبووە". جەختیشیكردەوە "واشنتن لە رێگای ھەڕەشەكردن بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی فشار دەخاتە سەر حكومەت".
شەممەی رابردوو، كۆمەڵە میلیشیایەكی سەر بە ئێران، كە ناوی لە خۆ ناوە "دەستەی ھەماھەنگی بەرخودانی عێراقی" رایگەیاند، بڕیاریان داوە "دەرفەتێكی مەرجدار" بدەنە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دەرچوونی ھێزەكانی لە عێراق، پاساویشیان بۆ ئەم ھەنگاوەیان، پێشوازیكردنیان بووە لە ھەوڵەكانی ھەندێك كەسایەتی لەم چوارچێوەیەدا.
k24 -