ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: دیاردەی تووندوتیژیی خێزانی لە عێراق بەزربووەتەوە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راپۆرتێكیدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات "بەپێی ئەو ئامارانەی لە دادگاكان تۆماركراون، دیاردەكانی تووندوتیژی دژی ژنان، منداڵان و بەساڵاچووان بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە ئەوەیە کە هەندێکیان گەیشتوونەتە ئاستی كوشتن".
لە راپۆرتەكەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە، "بەپێی ئاماری فەرمیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە ساڵی 2019 نزیكەی 16 هەزار و 861 دیاردەی تووندوتیژی دژی خێزان تۆماركراون، سەرەڕای زۆریی ئەو ژمارەیە، خەڵك پێیانوایە ژمارەكە دڵۆپێكە لە دەریایەك، چونكە بەهۆی پیاوسالاری و ترسی ژنان لە لێكەوتەكانی دوای جیابوونەوە، زۆرتر لەو ژمارەیە لە دادگاكان تۆمارناكرێن".
بەپێی راپۆرتەكە "ژنان زۆرترین سكاڵایان دژی تووندوتیژی تۆماركردووە و تەنیا لە ساڵی رابردوودا ژمارەیان گەیشتووەتە 12 هەزار و 336 سكاڵا، هاوكات ژمارەی سكاڵاكانی تووندوتیژی دژی منداڵان گەیشتووەتە هەزار و 606 سکاڵا و دژی بەساڵاچووانیش گەیشتووەتە دوو هەزار و 919 سکاڵا".
لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش بە تۆماركردنی چوار هەزار و 661 سكاڵا، بەغدا بە پلەی یەكەم دێت، بەشێوەیەک کە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە سێ هەزار و 26 سكاڵا و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی كەرخ هەزار و 635 سکاڵا تۆمارکراون، پارێزگای زیقاریش بە تۆماركردنی دوو هەزار و 746 سكاڵا لە پلەی دووەم دێت.
بەهۆی گوشارەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر خێزان، پسپۆڕان پێشبینی دەكەن ژمارەی ئەو سكاڵایانە بەرزبێتەوە، هەموو ئاماژە جیهانییەكانیش بەرزبوونەوەی دیاردەی تووندوتیژی خێزانییان لە ماوەی كەرەنتینە و قەدەخەی هاتووچۆی گشتی تۆماركردووە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش دەڵێت، لەو وڵاتەش "بەهەمان شێوە لە ماوەی كەرەنتینەدا ژمارەی سكاڵاكانی تووندوتیژیی خێزانی لە دادگاكان بەرزبووەتەوە".
rudaw -