دیپلۆماتکارێکی عێراق دەبێتە جێی ڕەخنەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
چالاکوانان گرتەیەکی ڤیدیۆ و وێنەی حەمید ئەلقەدۆ، دیپلۆماتکاری باڵوێزخانەی عێراق لە مۆریتانیا، برای هەریەکە لە حەنین ئەلقەدۆ (ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق) و وەعد ئەلقەدۆ (فەرماندەی لیوای 30ی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی)یان لە هۆڵی ئوتێلێک لە نواکشۆت بە (دشداشە)ەوە لەتەک خانمە گۆرانیبێژێکی مۆریتانی بڵاو کردووەتەوە، کە گۆرانیی (زيديني عشقا)ی هونەرمەند کازم ئەلساهر دەڵێتەوە.
یەکێک لە بەکارهێنەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرنجی خۆی لەسەر وێنە و ڤیدیۆیەکە نووسیوە و دەڵێت: "وا زانراو و باوە، کە دیپلۆماتکاران کەسانی رێکپۆش و رۆشنبیر و خاوەن کەسایەتی بن، تا ئاستێک، کە دەگوترێ فلان شەقام ئارام و پێشکەوتوو و جوانە، چونکە ماڵی دیبلۆماتکارێکی لێیە، ئێوە تێم ناگەیەنن، بەخودا لەبەردەم جیهاندا شەرمەزارتان کردووین".
یەکێکی دیکە نووسیویە: "تو خودا دەکرێ ئەمە بەرپرسی میللەتێک بێت لە فەرمانگەیەکی فەرمیدا؟".
تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لە باڵوێزڵخانەی عێراق لە مۆریتانیا سەبارەت بە وێنە ڤیدیۆیکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی (شەفەق نیوز)، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بڕیاری دەرکردووە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتەی کونسووڵی عێراق لە مۆریتانیا پێک بهێندرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە: "وەزیری دەرەوەی عێراق بڕیاری داوە لیژنەیەکی لێکۆلێنەوە سەبارەت بەو وێنە و ڤیدیۆیەی لە پێگە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی حەمید ئەلقەدۆ، کونسوڵی عێراق لە مۆریتانیا پێک بهێندرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە بە زووترین کات بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا و پێشبینیش وایە، هەر کە گەیشتەوە بەغدا، بگۆڕدرێت".
دەشڵێت: "ئەم هەڵسوکەوتەی حەمید ئەلقەدۆ وای لە وەزیری دەرەوەی عێراق کردووە، کە چاو بە تەواوی دیبلۆماتکارەکانی عێراق لە دەرەوەدا بخشێنێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە وڵاتە هەژارەکان لە ئەرکدان".
لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێ، حەمید ئەلقەدۆ، دیبلۆماتکاری عێراق لە مۆریتانیا لە هۆڵی یەکێک لە ئوتێلەکان لە نواکشۆتی پایتەخت، بە (دشداشە)ەوە لەگەڵ گۆرانیبێژێکی مۆریتانی دەردەکەوێت کە گۆرانیی (زيديني عشقا)ی کازم ئەلساهی دەڵێتەوە و ئەویش چەپڵەی بۆ لێ ئەدا، ئەم هەڵسوکەوتە ناڕەزایی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتووەتەوە، چونکە بە قسەی ئەوان، هەڵسوکەوتەکە لەگەڵ ڕەفتار و ئادابی دیبلۆماتکاریدا ناگونجێت.
باسنيوز