وەزیری کاری عێراق: 10 هەزار بڕوانامەداری ماستەر و دکتۆرا بە بێکار ناویان تۆمارکردووە

وەزیری کاری عێراق: 10 هەزار بڕوانامەداری ماستەر و دکتۆرا بە بێکار ناویان تۆمارکردووە

حکومەتی عێراق دەستپێشخەریی خستنەسەرکاری دەرچووان و بێکاران رادەگەیێنیت و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقیش دەڵێت، 10هەزار بڕوانامەداری ماستەر و دکتۆرا لای ئەوان ناویان وەک بێکاران ناویان تۆمارکردووە.

رۆژی دووشەممە 2020/10/12 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ئەندامانی دەستپێشخەریی رەخساندنی هەلی کار لە عێراق کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دەستێشخەرییەکە و گرنگییەکەیەوە کرد و باسیان لە دانانی پلانێک بۆ خستنەگەڕی گەنجان لە بازاڕی کاردا کرد.

کازمی ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی بێکاری بە هەنگاوێک بە ئاراستەی دروست ناو برد. هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ چالاککردنی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دووپاتکردەوە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی دادپەروەری لە دامەزراندن بەدیبهێنێت، بەڵکو دەبێت ئەرکەکەی فراوانتر بکات و لە دامەزراندن لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا هاوکار بێت.

دوای کۆبوونەوەکە، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ عادل روکابی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایگەیاند، چەند هەفتەیەکە ئەنجوومەنی وەزیران لە پێناو رەخساندنی کار بۆ گەنجانی بێکار و دەرچووان کاردەکات ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی چالاک بکات.

عادل روکابییش ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتەکەی بەرپرسیارێتیی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی گەنجان بخاتەسەر کار، بەتایبەتی پەتای کۆرۆنا رێژەی بێکاری و تێکڕای هەژاری لە وڵاتدا زیاتر کردووە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەش کرد، لە وەزارەتی کاردا ملیۆنێک و 600 هەزار بێکار ناویان تۆمارکردووە، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی لە داهاتوودا بۆ رەخساندنی هەلی کار رۆڵێکی کارای دەبێت بەتایبەتی کە ئەوە داواکاریی خۆپیشاندەرانە کە لە کەرتەکانی گشتی و تایبەت بخرێنە سەرکار.

هەروەها عادل روکابی گوتیشی لە وەزارەتەکەیاندا 8 هەزار هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و 2 هەزار هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا ناویان تۆمارکراوە و بێکارن.
rudaw -
Top