بانكی ناوەندیی عێراق: شارەزایی تاران لە پارەداركردن و بەنكەكاندا بەكاردەهێنین

بانكی ناوەندیی عێراق: شارەزایی تاران لە پارەداركردن و بەنكەكاندا بەكاردەهێنین

پارێزگاری بەنكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بەمزووانە پرسە بەنكییەكان لەگەڵ ئێران چارەسەر دەكرێن و بەغداش هەوڵدەدات شارەزایی تاران لە پارەداركردن و كاری بانكەكاندا بەكاربهێنێت.

بەپێی راگەیێندراوی بەنكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 2020/10/12 موستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، پێشوازیی لە عەبدولناسر هیمەتی، هاوتا ئێرانییەكەی كردووە كە بە یاوەریی شاندێكی بانكی و ئابووری ئێستا لە عێراقە.

لە کۆبوونەوەکەدا هاوكاری كەرتی بانكیی نێوان هەردوولا و رێگەكانی چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی ئێران تاوتوێكراوە و جەختی لە چارەسەركردنی پرسە بانكییەكانی نێوان هەردوو وڵات كراوە.

موستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، "هەوڵدەدەین هاوكاریی بانكی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت، شارەزایی تارانیش لە پارەداركردن و بانكەكاندا بەكاردەهێنین و، سەرجەم كێشە دارایی و نەختینەكانی ئێرانیش چارەسەر دەكرێن."

موخیف ئاماژەی بەوە دا، هەندێك رێکار هەن دەكرێت لە بەهێزكردنی هاوكاریی بانكی و نەختیی نێوان هەردوو وڵات و چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستادا بەكاربهێنرێن، هەروەها بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بۆ پرسە داراییەكانی نێوان ئێران و عێراق پێشنیازی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشمان كردووە."

هاوكات عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئێران، رایگەیاند، "خوازیارین لەژێر سایەی پێداگری و ویستیی دەسەڵاتدارانی عێراقدا كێشە بانكی و داراییەكانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بكرێن."

پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران پێشتریش چەند جارێک سەردانی عێراقی کردووە بۆ دانوستاندن لەبارەی کاری بانکی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق و تاوتوێکردنی دانەوەی قەرزی ئێران لەسەر عێراق.

لە کاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئێران لە مانگی تەمووزی 2020، حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ کازمی رایگەیاند، ئێران و عێراق رێککەوتن لەسەر ئەوەی ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بۆ 20 ملیار دۆلار زیادبکەن، لە کاتێکدا لە 2019دا قەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە 13 ملیار دۆلار بوو.

هەر ئەو کات یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق رایگەیاند، عێراق نزیکەی 3 ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە کە پارەی فرۆشتنی گاز و کارەبایە بە عێراق.
rudaw -
Top