تورکیا بەفەرمی بانگهێشتی کازمی دەکات

 تورکیا بەفەرمی بانگهێشتی کازمی دەکات

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاند، داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە لەنزیکترین دەرفەتدا سەردانی ئەنقەرە بکات و بەپێویستی دەزانن پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا پەرەی پێبدرێت.

باسیان لە هەماهەنگی نێوان هەردولا و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان کردوە

قاسم ئەعەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئەمڕۆ دوشەممە لە بەغدا کۆبونەوە و بەگوێرەی راگەیەنراوەی کۆبونەوەکە، هەردولا باسیان لە هەماهەنگی نێوان هەردولا، تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان کردوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

جەخت دەکەنەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا

باڵیۆزی تورکیا لەدیدارەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، بانگهێشتنامەیەکیان ئاڕاستەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە بۆ ئەوەی لەزوترین کاتدا سەردانی ئەنقەرە بکات، جەختیش دەکەنەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە.

لەشکرکێشیەکانی تورکیا لە عێراق بوەتە هۆی بێهێزبونی پەیوەندییەکان

پێشوتر خەندان لە راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاویکردەوە، بە بۆچونی شارەزایانی سیاسی بەهۆی ئەو لەشکرکێشیانەی کە تورکیا بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، ئەنقەرە هەستی بە بێهێزبونی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا کردوە، ئەوەش لە روی ئاسایش، سیاسەت و ئابورییەوە زیان بە تورکیا دەگەیەنێت.

شارەزایانی سیاسی دەڵێن، بە دروستونی بۆشایی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو بەغدا، چەند وڵاتێکی دیکە خۆیان لە دەسەڵاتی عێراق نزیکدەکەنەوە، لە نێوانیشیاندا فڕەنسا و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، بەڵام بە گشتی ئەو بانگهێشتەی تورکیا بۆ کازمی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ئەنقەرە لێکدەدەنەوە، کە بەهۆیەوە بەغدا دەتوانێت بەرژەوەندییە گەورەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بەدەستبهێنێت.







خەندان
Top