وەزیری دارایی عێراق باسی مووچە و خەرجییەكانی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی وڵاتەكە دەكات

وەزیری دارایی عێراق باسی مووچە و خەرجییەكانی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی وڵاتەكە دەكات
وەزيرى دارايى عێراق ڕایگەیاند، خەرجيەكانى دەوڵەت لە مانگى ئەیلوولەوە تا كۆتايى ئەساڵ بە 58 تریليۆن دينار مەزەندە دەكرێت لە كاتێكدا داهاتى نەوت تا كۆتايى ساڵ لە 15 تریلیۆن تێناپەڕێت.

عەلى عەلاوى، وەزيرى دارايى عێراق لە چاوپێكەوتنێكى كەناڵى (دیجلە)ى عێراقیدا ڕای گەیاند: “لە مانگى ئەيلوولەوە تا كۆتايى ئەمساڵ، خەرجیيەكانى عێراق بە 58 تریلیۆن دينار مەزەندە دەكرێت و عێراق لەبەردەم دووڕیانێكدایە و پێويستى بە پڕكردنەوەى كورتهێنان هەيە تا كۆتايى ساڵ".

سەرلەنوێ جەختی لە قەرزكردن كردەوە و رای گەیاند: “داهاتى نەوت تا كۆتايى ئەمساڵ لە 15 تریلیۆن دينار تێناپەڕێت، سەقفى قەرز سنووردار كراوە لە كاتێكدا كورتهێنان هەيە، تەنها دوو تریلیۆن دينارمان لە حكوومەتى پێشوو وەرگرتووە، بۆيە داوامان لە پەرلەمان كرد سەقفى قەرزمان بۆ بەرز بكاتەوە".

وەزیری دارایی عێراق لە بەشێكى ترى قسەكانيدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، داهاتى نەوت لەمساڵدا نيوەى خەرجيیەكانيش پڕناكاتەوە، سەبارەت بە كێشەى مووچەى فەرمانبەرانيش گوتى: "كێشەكە لە مووچەى فەرمانبەراندا نييە، بەڵكوو لە دەرماڵەكاندايە".

دووپاتی کردەوە: "خەرجيیەكانى دەوڵەت لەسەر گريمانەى هەڵە بۆ داهاتەكان بونیادنراوە، ناچارين بە شێوەيەكى مانگانە ڕووبەڕووى قەيرانەكان ببينەوە و داهاتى نەوت چيتر بەش ناكات".









باسنيوز
Top