بەپێی کۆتای ژنان بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکران
ھەرچەندە پەرلەمان پرسی دیاریکردنی بازنەی ھەڵبژاردنەکانی بەپێی کۆتای ژنان لە پارێزگاکاندا دیاریکرد، بەڵام شێواز و رێکاری بازنەی ھەڵبژاردنەکانیان پێ یەکلانەکرایەوە و مایەوە بۆ کۆبونەوەکانی داھاتوو.
رێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "ئەگەر رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا نەکرێت، ناتوانرێت پاشکۆکە تێپەڕێنرێت. زۆربەی لایەنە سیاسیەکان پێشنیازەکانیان پێشکەشی لیژنەی یاسایی کردووە."
رێبوار هادی لەبارەی پێشنیازی فراکسیۆنەکانەوە دەڵێت، "ئکێشەکە ئەوەیە ھەموو پێشنیازەکان بەشێوەیەکن لە بەرژەوەندیی حیزبەکانی خۆیان نووسیویانن. ھیچ پێشنیازێک لەوەی دیکە ناچێت، کەواتە ئێمە ناتوانین رێککەوتن لەنێوان ئەو پێشنیازانەدا بکەین کە پێشکەش بە لیژنەی یاسایی کراون."
سەرەڕای ئەوەی لاینە سیاسییەکان لەسەر فرەبازنەیی گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام ناکۆییەکان لەسەر ھەرسێ پارێزگای کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و بەشێک لەو پارێزگایانەی لە سوننە و شیعە پێکدێن ماون و لەسەر لکادنی شارۆچکەکان لەنێو بازنەی ھەڵبژاردندا تێبینی و پێشنیازەکان زۆرن.
حەسەن خەڵاتی، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە راگەیاند، "بەشێوەیەکی گشتی رێککەوتن لەنێوان لایەنەکاندا کراوە، بەڵام ھێشتایش تێبینی و ناڕەزایەتی ھەیە. بەشێکی کوتلەکان چاوەڕێی رێککەوتنی کۆتایین، بەڵام لەسەر ئەو بنەمایەی هەیە فرەبازنەیی دەبێت. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا ماوەتەوە و ناکۆکیی لەسەرە پارێزگاکانی کەرکووک و سەڵاحەدین و نەینەوان."
پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسندکرد. تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە کە بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان دەنگی لەسەر بدرێت، ئەویش بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە کە ھێشتا بە چەندین پێشنیازی جیاواز لە لیژنەی یاساییدا ماوەتەوە.
rudaw -