راوێژكارێکی کازمی: دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواو بكات

 راوێژكارێکی کازمی: دەبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواو بكات
راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە پەلە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواو بكات .

حسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان بە رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی راگەیاند، "گرنگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان دەربكات بۆ ئەوەی بتواندرێت بەپێی ئەو یاسایە، هەڵبژاردنی پێشوختە ئەنجام بدرێت".

دەستپێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران، پێویست بەوە ناكات چاوەڕیی دەركردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان یان بودجە بكرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستپێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران، پێویست بەوە ناكات چاوەڕیی دەركردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان یان بودجە بكرێت، چونكە بودجەی تایبەت بە تۆماری بایۆمەتری بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەرخانكراوە".

هینداوی باسی لەوەشکرد، "لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەبێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە پەلە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران تەواو بكات".

سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکرد

31ی تەموزی ئەمساڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکرد، تا ئێستاش بەهۆی بەردەوامی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر شێوازی یەکلاییکردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان نەدراوە.

68 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و شارەزای هەڵبژاردن لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیان کردوە و وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە باس لەوە دەکەن، لەئێستادا کە دۆخی وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، بەپێویستی دەزانن سیستەمێک کە دادپەروەر و گونجاو بێت بۆ عێراق دابڕێژرێت.

بەپێویستی دەزانن هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو پاک و بێگەرد و دور لەدەستوەردان بێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

ئاماژەیان بەوەشکردوە، بەپێویستی دەزانن هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتو پاک و بێگەرد و دور لەدەستوەردان بێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەها داوا دەکەن گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردن بۆ فرەبازنەیی و هەڵوەشاندنەوەی لیستی حزبی، بەشێوەیەکی ورد توێژینەوەی لەسەر بکرێت و چونکە خودی سیستەمە تازەکەش ژمارەیە خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە.

ئەوانەی واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردوە ئەوەشیان خستوەتەڕو، داوا دەکەن لەئامادەکردنی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن راوێژ بەلایەنەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نەتەوە یەکگرتوەکان بکرێت و گەرەنتی پاک و بێگەردی پرۆسەکەش بکرێت، لەو روانگەیەوە ئامادەن هاوکاری پێشکەشی پەرلەمانی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.





خەندان
Top