نووسینگه‌ی كازمی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات

نووسینگه‌ی كازمی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، نووسینگه‌ی میدیایی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ و رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال ئاشكرا كرد.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "ئه‌مڕۆ هه‌ینیی، 9/10/2020 مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌ویه‌كی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكه‌وتن له‌سه‌ر دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شنگال له‌ سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ ئاماده‌بوونی جینین هانس پلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ئه‌نجامدا".

نووسینگه‌ی مسته‌فا كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كازمی جه‌ختی له‌سه‌ر ته‌واوكردنی رێكه‌وتن له‌سه‌ر دۆسییه‌ ئیداری و ئه‌منییه‌كانی قه‌زای شنگال كرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی خێراكردن و ئاسانكاری بۆ پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌" و گوتیشی: "رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌كه‌شێكی لێكتێگه‌یشتووانه‌ی برایانه‌ و له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵدا واژۆ كرا و ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت و ده‌بێته‌ ده‌ستپێكێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ته‌واوی ناوچه‌ جیاوازه‌كان له‌ عێراق".

به‌یاننامه‌كه‌ جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "كازمی رایگه‌یاند، یاسا ده‌سته‌به‌ری بونیادنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی هاووڵاتی ده‌كات و فره‌ ئایینی و فره‌ پێكهاته‌یی له‌به‌رچاو ده‌گرێت و دووپاتیكرده‌وه‌، دواكه‌وتنی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ شنگال له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكه‌كه‌ی بوو، كه‌ دوێنێ به‌ده‌ست چه‌ته‌كانی داعشه‌وه‌ ده‌یانناڵاند و ئه‌مڕۆش به‌ده‌ست نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری".

كازمی به‌ڵێنیشیدا، "ده‌زگا حكومییه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك بۆ گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ئێزیدی ده‌دات، كه‌ تائێستا چاره‌نووسیان به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "حكومه‌تی فیدراڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی خۆی له‌ جیبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ ته‌واوی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌مه‌ش به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی شنگال"، هه‌روه‌ك گوتی: "حكومه‌تی عێراق به‌ هه‌موو جددییه‌تی خۆی هه‌وڵ ده‌دات هیچ گروپێكی چه‌كداری له‌ شنگال نه‌مێنێت، چ هێزی ناوخۆیی یانیش ئه‌و هێزانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراق هاتوون" و جه‌ختی كرده‌وه‌، "پاراستنی ئاسایشی رۆژئاوای نه‌ینه‌وا ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدرالییه‌".

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی ئه‌وه‌شی كرد، "عێراق به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان خاكه‌كه‌ی بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌كاربهێنن، جا توركیا بێت یان ئێران یاخود هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی دراوسێ".

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق "سوپاسی نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد، بۆ ئه‌و هاوكاریانه‌ی له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات، هه‌روه‌ها سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ هاوكار بوو بۆ گه‌یشتن به‌و رێكه‌وتنه‌".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "رێكه‌وتنی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ قه‌زای شنگال چه‌ندین خاڵی ئیداری، ئه‌منی و خزمه‌تگوزاری له‌خۆ ده‌گرێت، رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌رووی ئیدارییه‌وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستا و پارێزگای نه‌ینه‌وا جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌له‌به‌رچاوگرتنی داواكاریی خه‌ڵكی ئه‌و قه‌زایه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه، "هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رچی لایه‌نی خزمه‌تگوزاریشه‌، ئه‌وا ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لیژنه‌ی هاوبه‌ش له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵ، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا".

‌به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، "جینین هانس پلاسخارت، دڵخۆشی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌و رێكه‌وتنه‌ نیشاندا" و دووپاتی كرده‌وه‌، "پلاسخارت ئه‌مڕۆی به‌ رۆژێكی مێژوویی بۆ خه‌ڵكی شنگال وه‌سف كرد، دوای ئه‌وه‌ی رۆڵه‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی بوونه‌وه‌ و دوای نه‌مانی داعشیش نه‌هامه‌تییه‌كانیان به‌رده‌وام بوون و گوتیشی: ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش ئاماده‌یه‌ هاوكاری سه‌قامگیری ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات".
k24 -
Top