كازمی: ته‌نیا ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی بڕیاری جه‌نگ و ئاشتییه‌

 كازمی: ته‌نیا ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی بڕیاری جه‌نگ و ئاشتییه‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت، هیچ كه‌س و لایه‌نێك خاوه‌نی بڕیاری شه‌ڕ و ئاشتی نییه لە وڵاتدا‌.

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوێنێ (سێشەممە، 6-10-2020) سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌ ئه‌منییه‌كانی کرد و رایگه‌یاند پێشێلكارییه‌ ئه‌منییه‌كان ئاسایش و شكۆی عێراق به‌ ئامانج ده‌گرن.

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە ئەمنییەکان لە نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکان، لیژنەی ئەمن و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهێنراوە و کازمی دەڵێ "ئەو لیژنە نوێنەرایەتیی رای یەکێتیی نیشتمانی دەکات".

بەپێی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، كازمی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وانه‌ی عێراقییه‌كان ده‌كوژن و برینداریان ده‌كه‌ن، بەپێچەوانەی ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەو کارانە دەکەن، یان بیانوو بۆ ئەنجامدانیان دەهێننەوە، له‌ داهاتووی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ده‌ن.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووە، ئه‌م پرسه‌ سنووره‌كانی به‌زاندووه‌، له‌ سایه‌ی ئه‌و ته‌نگژانه‌ی وڵات پێیایدا تێده‌په‌ڕێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ واده‌ی دیاریكراودا ئه‌نجامه‌كان ئاشكرا ده‌كات و، سه‌رپشكیش كراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر زانیارییه‌ك له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بێت.

هەروەها جەختی کردووەتەوە لەوەی "هیچ کەسێک جگە لە دەوڵەت، بڕیاری جەنگ و ئاشتیی بەدەست نییە".

ئەو گوتانەی کازمی لە میانی کۆبوونەوەکەدا لەکاتێکدان، عێراق لە دۆخێکی ئابووریی قەیراناویدایە، کە جگە لە دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەندەڵی بەهۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە هەژماردەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر گرووپی شیعە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی دڵسۆزییان بۆ ئێرانە نەوەک عێراق و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش کاردەکەن.






K24
Top