ئەڵمانیا 2.4 ملیار دۆلار بۆ هاوكاریكردنی پیۆژەكانی عێراق تەرخان دەكات
لە گوتاری دەستپێكی كۆنگرەی رێكخراوی "GIZ"ی ئەڵمانی كە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئولی دیهل، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی، "وڵاتەكەی پابەندە بە هاوكاریكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی كەرتی تایبەت، چونكە كەرتی ئابووریی تایبەت دەتوانێت هەلی كار دابین بكات."
باڵیۆزی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، حكومەتی ئەڵمانیا زیاتر لە 2.4 ملیار دۆلاری بۆ هاوكاریكردنی پرۆژەكانی عێراق تەرخان كردووە و بەردەوامیش دەبێت لە هاوكاریكردنی عێراق.
بەهۆی زاڵبوونی كەرتی تایبەتەوە بەسەر چالاكیی ئابووری و تاكە سەرچاوەی ئابووریدا كە بە گوێرەی ئاماژەكانی وەزارەتی دارایی بە رێژەی 97% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بووەتەوە.
لە کاتی كۆنگرەكەدا كە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، بەشداربووان رێوشوێنەكانی چارەسەركردنی قەیرانی ئابووریی ئێستایان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر كەرتەكانی بازرگانی، كشتوكاڵی و هاوكاریكردنی كۆمپانیاكان.
سەرجەم بەشداربووان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە چاكسازیی ئابووری و نەهێشتنی ئاستەنگە بیرۆكراتییەكان پێویستیی بنەڕەتین بۆ هەمەجۆركردنی ئابووریی عێراق و پێشخستنی كەرتی تایبەت كە دەكرێت هەلی كار دابین بكات و بەشێوەیەكی درێژخایەنیش هاوكاریی گەشەسەندنی ئابووری بدات.
rudaw -