نوجەیفی: لایەنە عێراقییەکان لە رووی سیاسییەوە تیرۆریستان دەپارێزن

نوجەیفی: لایەنە عێراقییەکان لە رووی سیاسییەوە تیرۆریستان دەپارێزن
سەرۆکی بەرەی ئینقازی عێراقی رایدەگەیەنێت، لایەنە عێراقییەکان لە رووی سیاسییەوە تیرۆریستان دەپارێزن.

نووسینگەی ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی بەرەی ئینقازی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 6-10-2020، نوجەیفی لەگەڵ ستیڤن هیککێی، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق، کۆ بووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئوسامە نوجەیفی و ستیڤن هیککێی تاوتوێی باوردۆخی سیاسی، ئابووریی و ئەمنیی عێراقیان کردووە و تیشکیان خستووەتە سەر هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە بەغدا.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرۆکی بەرەی ئینقازی عێراقی نیگەرانیی خۆی لەوە نیشان داوە، کە لایەنە عێراقییەکان لەڕێی ”پاراستنی سیاسی“یەوە، گرووپە تیرۆریستییەکان، کە هێرش دەکەنە سەر باڵوێزخانە بیانییەکان لە بەغدا، دەپارێزن.

ئوسامە نوجەیفی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر ئەمریکا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق، باڵوێزخانەکەی لە بەغدا دابخات، ئەوا زیانێکی گەورە بە عێراق و شەڕی دژی تیرۆر، دەگات.

نوجەیفی ئاشکرای کردووە، کە هەندێ هێزی ”نادەوڵەتی“ لە عێراق هەوڵی بڕیاردان لە بری حکوومەت و گەلی عێراق دەدەن و عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی ئەمریکا و ئێران.











باسنيوز


Top