سەرۆککۆماری عێراق جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە دەکاتەوە

سەرۆککۆماری عێراق جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە دەکاتەوە
سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی پێشوازیکردنی لە سوپاسالاری وڵاتدا جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر دەکاتەوە.

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 2020/10/05 پێشوازیی کرد لە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، فەریقی یەکی روکن و سوپاسالاری عێراق.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆککۆمار دەستخۆشیی کرد لە هێزە ئەمنییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە بە سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە راوەدونانی چەکدارانی داعش و ھاوکات ئاماژەشی بەوە کرد کە جەنگی دژەتیرۆر بەردەوامە و پێویستە ھێزە ئەمنییەکان ھەوڵەکان یەکبخەن بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی کردەوە لە پێویستیی پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پارێزگاریکردن لە دامەزراوە حکومی و نێردە دیپلۆماسییەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە دا، پێویستە توانای هێزە ئەمنییەکان لە رووی راهێنان و پڕچەککردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانەوە بەهێز بکرێت و هاوئاهەنگیی ئەمنیی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەربەستەکان و رێگریکردن لە بۆشاییە ئەمنییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش جەختی لە هاوئاهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی وڵات کردەوە.

لەلای خۆیەوە سوپاسالاری عێراق سوپاسی سەرۆککۆماری کرد بۆ بەدواداچوون و پشتیوانیکردنی دەزگاکانی ئاسایش لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەپاندنی یاسا و دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان، هەروەها وردەکاریەکی لە بارەی پرۆسە سەربازییەکانی ئێستا کە بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی داعش بەڕێوەدەچێ خستەڕوو.
rudaw -
Top