وەزارەتی پەروەردەی عێراق: هێشتا بڕیار لە دەستپێکی خوێندن نەدراوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/10/05 حەیدەر فارووق، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە، دوای 14 رۆژ لە تەواوبوونی چلەی ئیمام حوسێن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کۆرۆنا دەکرێت و ئەوسا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، قسەکردن لەبارەی ساڵی نوێی خوێندنەوە هەر تەنیا پەیوەست نییە بە وەزارەتی پەروەردەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران و شانەی قەیرانەکانیشەوە هەیە.
حەیدەر فارووق باسی لەوە کرد، لیژنەی تەندروستیی پەرلەمان نەک وەزارەتی تەندروستی داوایکردووە بۆ دوو مانگ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دوابخرێت، ئێستاش لەبارەی ساڵی نوێی خوێندنەوە گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و تەندروستیدا هەیە.
rudaw -