بابەکر زێباری: هیچ هێزێک لە عێراق ناتوانێ کودەتای سەربازی بکات
رۆژی یەکشەممە 4-10-2020، باقر زوبەیدی، سەرکردەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق، لە وتارێکدا، رایگەیاندبوو، حزبی بەعسی رووخێندراو هەوڵی کودەتای سەربازی دەدات و عزەت دووری، جێگری سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمەکەش سەرکردایەتیی کودەتاکە دەکات.
پێشتریش میدیا عێراقیەکان باسیان لەوە دەکرد، کە هەندێ لە لایەنە سیاسییە عەرەبییە شیعەکان بە پشتیوانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئامادەکاری بۆ کودەتای سەربازی بەسەر حکوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، دەکەن.
فەریق بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هیچ هێزێک لە عێراق توانای ئەنجامدانی کودەتای نییە، چونکە کودەتاچی پێویستی بە هێزێک هەیە بتوانێ هەموو ئەوانی دیکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئێستا ئەو هێزە لە عیراقدا نییە.
فەریق بابەکر زێباری هەروەها رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان هەموویان بەش بەشن و هەر یەکەی سەر بە لایەن و کەسایەتییەکە، ”ئێستا تەنیا داعش مەترسیی گەورەیە لەسەر عێراق، هەرکات دەرفەتی بۆ بڕەخسێ ئەوە سەرهەڵدەداتەوە و لە شەڕی پارتیزانیوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شوێن و شارەکان هەنگاو دەنێ بەتایبەتی لە دیالە و خوارووی کەرکووک و موسڵ“.
سوپاسالاری پێشووی عیراق راشیگەیاند، دۆخی عێراق مەترسیدارە و ئەگەر ئەمریکا باڵوێزخانەکەی لە بەغدا بکێشێتەوە ئەوە زۆربەی وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان یەکسەر لەگەڵیدا دەکشێنەوە، ئەوەش دۆخی عێڕاق دەخاتە دۆخێکی یەکجار ئاڵۆز و مەترسیدار، کە زەحمەتە بتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.
باسنيوز