وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق: قەرزەکانی حکوومەت دەوڵەتی عێراق مایەپووچ دەکەن

وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق: قەرزەکانی حکوومەت دەوڵەتی عێراق مایەپووچ دەکەن
لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە قەرزەکانی حکوومەت، دەوڵەتی عێراق مایەپووچ دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 5-10-2020، لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، لێژنەکە چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە هەنگاو بۆ زیادکردنی سەرچاوە داراییەکان بەبێ قەرزکردن، بنێت.

هەروەک لێژنەکە رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بە رێکنەخستنی دابەشکردنی مووچە و داواکردنی قەرزی زیاتر، گەراوەتەوە سەر ”بێ سەروبەری“ی دارایی.

لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی هەوڵدانی حکوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی قەرزی زیاتر، بە ”پێشهاتێکی مەترسیدار“ ناودەبات، کە حکوومەتەکانی پێشووتر نەیانکردووە و رایگەیاندووە، ”بەردەوامبوونی حکوومەت لە قەرزکردن، دەبێتە هۆی مایەپووچبوونی دەوڵەتی عێراق و هەرەسهێنانی ئابوورییەکەی“.

لێژنەکەی پەرلەمان هۆشداریی داوەتە حکوومەتی عێراق بەوەی هەوڵ نەدات نەدانی مووچەی فەرمانبەران بخاتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، چونکە دابەشکردنی مووچە ئەرک و بەرپرسیارێتیی رەهای حکوومەتە.

پێشتر لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، کە بەهۆی قەرزەکانی حکوومەتی عێراقەوە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا عێراق مایەپووچ دەبێ و دەوڵەتی عێراق هەرەس دەهێنێت.













باسنيوز



Top