عێراق توانای هەڵبژاردنی پێشوەختەی نابێت
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی رابردوو پێش ئەوەی ئەمریکا هۆشداری بدات لە کشانەوەی باڵوێزخانەکەی لە عێراق، رۆژی 6-6ی ساڵی 2021ی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کرد، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی لە کارنامەی حکوومەتەکەی پێش متمانەپێدانی لە پەرلەمان، رای گەیاندبوو.
حوسێن ئەلعیقابی، ئەندامی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە سایەی ئەو دۆخە سیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەی ئێستای عێراق، قسەکردن لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پیشوەختە لەساڵی داهاتوودا، بۆتە بەشێک لەرابردوو.
حوسێن ئەلعیقابی هەروەها رایگەیاندووە، نەبوونی رێککەوتنی سیاسی و نەمانی متمانە و قورسی دۆزینەوەی دۆخێکی تەکنینی گونجاو، دەبێتە هۆی دواخرانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە بریاردراوە ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
بورهان رەئوف چاودێری سیاسی، رایگەیاند، هەڵبژاردن ئەرک و بەرنامەی حکوومەتی مستەفا کازمییە و بەو مەرجەش ئەو پۆستەی پێدراوە، کە لە ماوەی یەک ساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات.
بورهان رەئوف هاوشێوەی حوسێن ئەلعیقابی، پێیوایە بەو دۆخەی کە هاتووەتە پێشەوە لە رووی ئابووری و ئەمنییەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن سەختە.
ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی لەوە کردەوە، کە هێزە سیاسی و میلیشیاییە عێراقییەکان دڵنیان ئەگەر هەڵبژاردنەکە بکرێ، ئەوا شکست دەهێنن، بۆیە رێگە نادەن هەڵبژاردن بکرێ.
باسنیوز