وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و عێراق باسی بڕیاری داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەكەن
هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و عێراق بۆ یەكەمجار بە شێوەیەكی فەرمی، باسی “بڕیاری سەرەتایی”ی ئەمریكایان لەبارەی داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەكە لە عێراق كرد.
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە ئەمڕۆ شەممە ٣ی ١٠ی ٢٠٢٠ بڵاو كراوەتەوە، شەوی هەینی فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گفتوگۆی كردووە.
لە راگەیاندراوەكەدا بۆ یەكەمجار بە فەرمی راگەیاندراوە كە ئەمریكا “بە شێوەیەكی سەرەتایی” بڕیاری كشاندنەوەی باڵوێزخانەكەی لە بەغدای پایتەختی عێراق داوە. هەر بەم هۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق نیگەرانی بەرامبەر بە بڕیارەكە دەربڕیوە و ئاشكرای كردووە كە هەرچەندە ئەم بڕیارە سیادییە و دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی لایەنی ئەمریكی، “بەڵام دەرئەنجامەكانی زیان بە گەلی عێراق دەگەیەنن”.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری دەرەوەی عێراق بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكای راگەیاندووە كە حكوومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی ئەمنی، ڕێككاری، سیاسی و دیپلۆماسی گرتۆتەبەر بە ئامانجی وەستاندنی هێرشەكان لەسەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانە كە “دەبنە هۆی ئەوەی ئەنجامی ئەرێنی و هەست پێكراو لە ئایندەیەكی نزیكدا بەدەستەوە بدەن”.
لە لایەن خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندیی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق بە “گرنگ بۆ هەردوولا” لێكداوەتەوە.
هەر بەپێی راگەیاندراوەكە، هەردوو وەزیری دەرەوە گفتوگۆیان لەبارەی ئەگەرەكانی داهاتوو لەبارەی دۆخی نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا كردووە و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەڵێنی داوە كە ئەو بابەتانەی لە گفتوگۆكاندا باسیان كردووە، لەبەرچاو بگرێت. جەختیشیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و پەیوەندی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ دۆخەكە كردۆتەوە.
باسنيوز