سەدر بۆ خۆپیشاندەران: چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، درەنگانی شەوی رابردو لە تویتێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر داوای لە خۆپیشاندەرانی تشرینی ئەكەمی ساڵی رابردوی عێراق كرد دان بەخۆیاندا بگرن و چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن، هاوكات سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدەكانی ئەو خۆپیشاندانانە كرد.
بەزوترین کات خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق بگەڕێنرێتەوە
موقتەدا سەدر رایگەیاند، پێویستە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتوەكان، لە نزیكترین كاتدا هەڵبژاردنى پێشوەخت بەڕێوەبچێت، وە رێگە نەدات حزبە گەندەڵەكان بچنەوە سەر تەختی دەسەڵات و جارێكی دیكە بەسەر پلە و پایەی وڵاتدا زاڵبن.
سەدر لە پەیامەكەیدا داوایكرد، بەزوترین کات خزمەتگوزاری بۆ گەلی عێراق بگەڕێنرێتەوە .
داواشیكردوە، گەورە گەندەڵکاران و لەیاسا دەرچوان روبەروی دادگا بكرێنەوە، هاوكات ئەوانەی لە ساڵی 2016 ەوە تاكو ئەمساڵ دەسدرێژییان كردوەتە سەر خۆپیشاندەران لێپرسینەوەیان لەگەڵدابكرێت.
سەدر ئاماژەی بەوەشكردوە كە پێویستە هەمو شۆڕشگێڕان چاوەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن و عێراق روبەروی كاری توندوتیژی و منداڵانە نەكەنەوە.
رابەری رەوتی سەدر باسی لەوەشكردوە، ئەگەر ئەم داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن، بە واتای ونبونی عێراق دێت.
خەندان