تەندروستیی جیهانی: عێراق گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمی کۆرۆنا
ئەمڕۆ شەممە 3-10-2020، ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق بە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، هاووڵاتییانی عێراق گوێ بە رێنوێنییە خۆپارێزییەکان نادەن و بەهۆی زیارەتکارانی شیعە و هاتنی وەرزی زستانیش، ژمارەی تووشبووان بە پەتاکە زۆر زیاتر دەبێ لە جاران.
ئەدهەم ئیسماعیل ئاشکرای کردووە، کە ئەو قەرەوێڵانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دیاری کردوون، بەشی نیوەی تووشبووان دەکات و زیاتربوونی تووشبووانیش جێی نیگەرانییە و لە ئاستی تواناکانی عێراق زۆر بەرزتر دەبێتەوە.
نوێنەری تەندروستیی جیهانی لە عێراق هەروەها رایگەیاندووە، عێراق گەیشتووەتە قۆناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لە قۆناغی چوارەمیشدا، کۆرۆنا لە هەموو وڵاتەکە بڵاو دەبێتەوە.
ئەدهەم ئیسماعیل بە پێویستی دەزانێ دەوڵەت رێکاری توندتر بۆ خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی، بگرێتە بەر.
تا ئێستا 372 هەزار و 259 کەس لە عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، نۆ هەزار و 298 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز