ماوەی 45 رۆژە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە

ماوەی 45 رۆژە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە
لەکاتێکدا عێراق بە رێژەی زیاتر لە 93% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، نرخی نەوت دادەبەزێت ئەو وڵاتە گیرۆدەی قەیرانی دارایی دەبێت بەشێوەیەک ئەگەر پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی نەبات، ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات.

عێراق شەش ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی هەیە، کە مانگانە پێویستی بە نزیکەی 3.5 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی مووچەکانیان.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە چەند مانگی رابردوودا، داهاتی نەوت زۆر کەمبووەتەوە کە بایی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانیشی ناکات. تەنانەت لە مانگی نیسان بەرمیلێک نەوتی بە کەمتر لە 14 دۆلار فرۆشت و داهاتەکەی نەگەیشتە ملیار و نیوێک دۆلار.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەیزانی عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربوونی بانگەشەی چاکسازی و زیادکردنی داهاتەکانی عێراقی کرد، ئەوەش لە رێگەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی داهات. بڕیاربوو لە 15ی ئەیلوول، عەلی عەللاوی، جێگری سەرۆکوەزیران، کە هاوکات وەزیری داراییە، پاکێجی چاکسازی رابگەیێنێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و رێگریی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حیزبە باڵادەستەکان، راگەیاندنەکە بۆ کۆتایی مانگی ئەیلوول دواخرا، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاماژەیەک بۆ راگەیاندنی پلانەکە دیارنییە.

مستەفا کازمی چەندجارێک هەوڵیداوە لەڕێگەی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و زیادکردنی باج هەوڵی زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بدا، بەڵام خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شەقامی عێراقی بە پاڵپشتیی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان، شکستیان بە پلانەکانی کازمی هێنا.

ئێستا تاکە شتێک کە بەدەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ماوە، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانە، کە بەگوێرەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەکان نزیکەی 10 ملیار دۆلارە، ئەوەش تاڕادەیەک دەتوانێت کورتهێنانی بودجە کەمبکاتەوە.

حکومەتی عێراق ئێستا نوقمی قەیرانی دارایی بووە و ماوەی 45 رۆژە نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرانی بدات. حکومەتی عێراق دەیەوێت بڕی پێنج ملیار دۆلار لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و هەشت ملیار دۆلاریش لە بانکە ناوخۆییەکان قەرز بکات.

تەھا موحی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پرۆسەی خەرجکردنی مووچە ماوەیەکی زۆرە دواکەوتووە، بەڵام وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندین کە نزیکەی 85%ی کارەکانی مووچەیان تەواوکردووە بە خانەنشینکراوان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، تەنیا 15%ی کارەکان ماون، پێموایە لە ماوەی دوو رۆژدا مووچەی خانەنشینکراوان و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەران دابەشدەکرێت".

لای خۆیەوە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووریی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت "حکومەتی عێراق بۆئەوەی بتوانێت مووچە دابەشبکات پێویستی بە قەرزکردنی 1.2 ملیار دۆلارە. دەتوانێت وەکو ئەمانەتێک قەرزەکە لە بانکی ناوەندی بکات و خەرجیی ناوخۆیی دابین بکات".

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاندووە، ئابووریی وڵاتەکەی لەمساڵدا پێشبینیدەکرێت لەنێوان 7 بۆ 9% پاشەکشە بکات، ئەوەش رێژەیەکە لە پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو زیاترە، کە رایگەیاندبوو ئەگەری هەیە ئابووریی عێراق ئەمساڵ4.7% پاشەکشەبکات.
rudaw -
Top