"مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو پارەی کاش لە بانکی ناوەندی عێراقدا نامێنێت"
ھاوکات پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە ھۆشداری دەدات، تا مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو پارەی کاش لە بانکی ناوەندی نامێنێت، ئەگەر چاکسازیی دارایی نەکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پارەی پێویستیان لە بەردەستدا نییە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، ھەر بەو ھۆیەوە بە نووسراوێك پرۆژەیەکی قەرزکردنیان پێشکەشی پەرلەمان کردووە، تاکو جارێکی دیکە دەنگی لە سەر بدەن بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام پەرلەمانتاران لەم ھەوڵەی وەزیری دارایی عێراق توڕەن و دەڵێن: جاری پێشوو بەو مەرجە دەنگمان بە پرۆژە یاسایی قەرزکردن دا، کە دواجار بێت و وەزارەتی دارایی چاکسازیی دارایی ئەنجامبدات، بۆیە ئیمزا کۆدەکەونەوە بۆ بانگھێشتکردنی وەزیر بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن.
یوسف کلابی، پەرلەمنتار و ئەندامی لیژنەی نەزاھە گوتی:" نابێت، ئەمە کارەساتە وەزارەتی داریی دەیکات، ئێمە چی لە وەزارەتێك بکەین؛ کە قەرز دەکات و مووچەی پێدەدات، پێویستە وەزارەتی دارایی پلان و نەخشە رێگایەکی راستەقینەی ھەبێت بۆ رەوشی دارایی لە ولاتدا. بۆیە ئەوەی وەزارەتی دارایی دەیکات مەترسیەکی جددیە، ھەر کات پارەی نەمێنێت داوای قەرز دەكات. ئێمە بەرامبەر وەزارەت دەوەستینەوە و لە نزیکترین کاتدا وهزیر بانگ دەکەین بۆ پەرلەمان و قسەی خۆمان دەبێت".
قەیرانێکی گەورەی دارایی رووی لە عێراق کردووە، پەرلەمانتارێکی "رەوتی حیکمە" ھۆشداری دەدات لەوەی تا مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو پارەی کاش لە بانكی ناوەندی نەمێنێت، ھەرچەندە ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پارەی دەروازە سنووریەکان و چەندین داھاتی دیكە بۆ گەنجینەی ولات زیادی کردووە.
حەسەن فەدعەم، پەلەمانتاری رەوتی حیکمە گوتی:" بەڕاستی وەزارەتی دارایی ناتوانێت ئیدارەیەکی باشی رەوشی دارایی بدات، سیاسەت و پلان و چاکسازی خۆی ھەبێت، بۆیە پێموایە دۆخی دارایی بۆ مانگی ئازاری ساڵی داھاتوو خراپ دەبێت و پارەی کاش لە بانکی ناوەندیدا نامێنێت".
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: پێویستە وەزارەتی دارایی بۆ ئەم مانگە لەوە زیاتر دابەشکردنی مووچەی سەرجەم جومگە ئیداریەکان دوا نەخات و دابەشی بکات و چاوەڕێی قەرزکردن نەبێت؛ چونکە بەشی ئەوە ھەیە مووچەی فەرمابەران دابین بكات، قەرزکردنیش مەترسی بۆ سەر رەوشی داریی ھەیە لە داھاتوو.
k24 -