كازمی به‌ڵێن به دیپلۆماتكارانی بیانی ده‌دات بیانپارێزێت
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (30ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئیتیحادی، "مسته‌فا كازمی" له‌گه‌ڵ (25) كه‌سایه‌تی دیپلۆماتكاری بیانی، به تایبه‌تی باڵیۆز و سه‌رپه‌رشتیاری نێرده دیپلۆماتییه‌كان كۆبووه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، "مسته‌فا كازمی" جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، "عێراق په‌یمانی پاراستنی نێرده دیپلۆماتكاره‌كان دووپاتده‌كاته‌وه و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ك به ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه بێت".
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی "مسته‌فا كازمی" دوای ئه‌وه دێت، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "مایك پۆمپیۆ" هۆشداری داوه‌ته عێراق و ئاگاداری كردووه‌ته‌وه، كه ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان به‌رده‌وام بن، ئه‌وا؛ باڵیۆزخانه‌كه‌ی له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا داده‌خات.
دوو به‌رپرسی عێراقیی و دوو دیپلۆماتكاری خۆرئاوایی له میانی لێدوانیان بۆ ئاژانسی هه‌واڵیی "رۆیته‌رز" رایانگه‌یاندووه، "ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه بۆ كشاندنه‌وه‌ی دیپلۆماتكاره‌كانی له عێراق. به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی هۆشداری داوه‌ته به‌غدا له باره‌ی داخستنی باڵیۆزخانه‌كه‌یه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌یه، عێراقییه‌كانی نیگه‌ران كردووه و ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه، وڵاته‌كه‌یان جارێكیدیكه ببێته‌وه به گۆڕه‌پانی شه‌ڕ".
نووسینگه‌ی میدیایی "مسته‌فا كازمی" له راگه‌یه‌ندراوێكدا، باسی له‌وه‌كردووه، "عێراق سووره له‌سه‌ر سه‌پاندنی سه‌روه‌ری یاسا و كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك و نه‌هێشتنی به ده‌ست هیچ كه‌س و لایه‌نێكه‌وه و پاراستنی نێرده و ناوه‌نده دیپلۆماتییه‌كان".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "ئه‌وانه‌ی ده‌ستدرێژی ده‌كه‌نه سه‌ر نێرده دیپلۆماتییه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ن ناسه‌قامگیری له وڵات بهێننه ئاراوه و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی تێكبده‌ن".
له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، هێرشه مووشه‌كییه‌كان بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری په‌ره‌یان سه‌ندووه. هاوكات له رێی بۆمبه چێندراوه‌كانه‌وه رۆژانه كاروانه مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی له دژی داعش ده‌كرێنه ئامانج.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، سوپای عێراق رایگه‌یاند، سێ منداڵ و دوو ژن له ئاكامی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی تۆپێك و به‌ركه‌وتنی ماڵه‌كه‌یان گیانیان له‌ده‌ستدا، به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و گوله تۆپه ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كرابوو، به‌ڵام ئامانجه‌كه‌ی نه‌پێكابوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا، "مسته‌فا كازمی" رایگه‌یاندووه، "ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر شانده بیانییه‌كان و باڵیۆزخانه‌كان، ته‌نیا ئامانج لێیان لێدانی بیانییه‌كان نییه، به‌ڵكو ئامانجی كوشتنی خه‌ڵكی بێ‌تاوان و هاووڵاتیانه، به تایبه‌تی منداڵان".
له به‌رامبه‌ردا (25) دیپلۆماتكاره بیانییه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، رایانگه‌یاند، "ئێمه زۆر نیگه‌رانین له په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی راده‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر دامه‌زراوه دیپلۆماتییه‌كان له عێراقدا".
راشیانگه‌یاند، "ئێمه پێشوازی له‌و رێكارانه ده‌كه‌ین، كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی و حكومه‌ته‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ره‌وشه و ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه ده‌یگرنه به‌ر".
k24 -