ئەمەریکا هەڕەشەی کوشتنی تەواوی ئەندامانی حزبوڵڵای عێراقی دەکات

ئەمەریکا هەڕەشەی کوشتنی تەواوی ئەندامانی حزبوڵڵای عێراقی دەکات
هەرچەندە ئەمەریکا بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا نەداوە، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانەوە، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی کردووە.

لە نوێترین پێشهاتەکانیشدا، ماتیۆ توولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا پێیوایە، ناوچه‌ی سه‌وز و فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراق دا نیيه‌. هاوکات رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، هەڕەشەی کوشتنی تەواوی ئەندامانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی دەکات.

باڵیۆزی ئه‌مەریكا له‌ باره‌ی دوایین پێشهاته‌كانی عێراق و ئه‌گه‌ری بڕیاردانیان بۆ كشانه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌و وڵاتە رایگه‌یاند "پێویستە حكومه‌تی عێراق كۆنتڕۆڵی ناوچه‌ی سه‌وز بكات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و ناوچه‌ی سه‌وز له‌لایه‌ن چه‌ند هێزێكه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تدا نین".

تووله‌ر ده‌شڵێت "هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كان زیادیان كردووه‌ و ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ ئامانج ده‌كه‌ن، له‌م رووەشه‌وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق رووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره‌ هێرش و كرده‌وانە ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێش هه‌موو شتێك بۆ به‌رگریكردن له‌ سه‌روه‌ری عێراق".

لە هەڵوێستێکی توندتریشدا وەک رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "ئەمەریکا تەواوی ئەندامانی کەتایب حزبوڵڵا دەکوژێت و لە بەغداش دەکشێتەوە".

پۆمپێیۆ بە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتەکەی راگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک نایەوێت رووداوەکانی بەنغازی لە بەغدا دووبارە ببنەوە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە "ئێران نایەوێت گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا زیاد بکات، بۆ ئەوەی چانسەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیدا زیاد نەکات".

دوێنێش بە بڕیاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارەیەک فەرماندەی ئەمنی ناوچەی سەوز خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوە و حامد زوهێری کراوەتە فەرماندەی یەکەی تایبەتی پاراستنی ناوچەی سەوز.






K24 -
Top