وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : گەلی عێراق شایانی ئەوەن بە ئاشتی و ئارامی بژین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا : گەلی عێراق شایانی ئەوەن بە ئاشتی و ئارامی بژین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی "پەست و توڕەیە" لە هێرشە موشەکییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بەغدای پایتەخت، کە بوە بەهۆی گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی یەک خێزان، دەشڵێت، "کاری گروپە چەکدارەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات تەنها گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم سەقامگیری عێراق".

مۆرتگان ئۆرتگاس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "پەست و توڕەین لە هێرشە موشەکییەکەی رۆژی 28ی ئەم مانگەی بەغدای پایتەخت، کە بوە بەهۆی گیانلەدەستدانی پێنج هاوڵاتی سڤیل، داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکەین هەنگاوی جددی بنێن بۆ دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو روداوە".

گەلی عێراق شایانی ئەوەن بە ئاشتی و ئارامی بژین

ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی عێراق شایانی ئەوەن بە ئاشتی و ئارامی بژین، دوا لە کاربەدەستانی عێراقی دەکەن هەنگاوی جددی و کردارێکی دەستبەجی ئەنجام بدەن بۆ بەرپرسیارکردنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، "کردارەکانی ملیشیا نایاساییەکانی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات تەنها گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم سەقامگیری عێراق، ئەم گروپە چەکدارانە مەترسییەکن بۆ سەر هەموان لە عێراق کە مایەی قبوڵ کردن نییە، هەر لە کاربەدەستە دیپلۆماتەکانەوە و دامودەزگاکانەوە تا دەگاتە چالاکوانان و خێزانەکان".

بەهۆی کەوتنە خوارەوەی موشەكێك لە ماڵێكدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا سێ منداڵ و دو ژن كوژران و دو منداڵی دیكەش برینداربون

28ی ئەم مانگە، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی موشەكێك لە ماڵێكدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا سێ منداڵ و دو ژن كوژران و دو منداڵی دیكەش برینداربون، کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.

تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندوە، بەڵام بەپێی لێکدانەوەکان ئامانج لێی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.

ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردوی ناوچەی رزوانەیان دەستگیرکردوە

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەنجامدەری هێرشە موشەکییەکەی شەوی رابردوی ناوچەی رزوانەیان دەستگیرکردوە، بەڵام رونی نەکردەوە کە سەر بە چی لایەنێک بوە.

دو هەفتە پێش ئێستا لە هێرشێکی موشەکیدا باڵیۆزخانەی بریتانیا کرایە ئامانج، هەرچەندە هێرشەکە زیانی گیانی بەدواوە نەبو، بەڵام بوە هۆی زیادبونی نیگەرانییەکان لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی وڵات لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.









خەندان
Top