کازمی دان بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ عێراق دەنێت

کازمی دان بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ عێراق دەنێت


سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا، دان بە پێشهاتێکی مەترسیداری دۆخی وڵاتەکەی، دادەنێت.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی سێشەممە 29-9-2020، رایگەیاندووە، هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەکان لە بەغدا، بەردەوامن.

مستەفا کازمی دانی بەوەدا ناوە، کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە، رێکخراوە جیهانییەکان و باڵوێزخانەکان، بە تایبەت باڵوێزخانەی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا لە بەغدا، بیر لە داخستنی باڵوێزخانەکانیان دەکەنەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، کە باڵوێزخانەکان رایانگەیاندووە، ئەگەر ئاسایشی ناوچەی سەوز دابین نەکرێ، ئەوا ناتوانن چیتر لە عێراق کار بکەن.

مستەفا کازمی پێیوایە داخستنی باڵوێزخانەکان دەبێتە هۆی داخستنی پەیوەندیی و هەماهەنگییە ئابووری، کولتوری و سەربازییەکان لەگەڵ عێراق.

هاووڵاتییانی عێراق و ئەمریکییەکان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمریکا تاوانبار دەکەن و هێزە عێراقییەکانیش توانای راگرتنی ئەو میلیشیایانەیان نییە.









باسنيوز
Top