حکومەتی عێراق: ئەمریکا وڵاتێکی دۆستە و بەرژەوەندیی هاوبەشی گەورەمان هەیە

حکومەتی عێراق: ئەمریکا وڵاتێکی دۆستە و بەرژەوەندیی هاوبەشی گەورەمان هەیە
دوای گوشارەکانی ئەمریکا و هەڕەشەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمریکا بە "وڵاتێکی دۆست" ناودەبات و جەخت لە بوونی "بەرژەوەندیی هاوبەشی گەورە"ی نێوانیان دەکاتەوە.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، بەشێکی تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن. لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بە هەواڵی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق، گوتی: "کشانەوە، یاخود داخستنی هەر نێردەیەکی دیپلۆماسی هەر وڵاتێک، لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە".


سەرچاوەیەکی ئەمریکی لە عێراق ئاشکرای کردووە، ئەمریکا زانیاریی هەیە پلانێک بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و بەبارمتەگرتنی کارمەندەکانی هەیە. حکومەتی عێراقیش بڕیاری داوە ناوچەی سەوز لە هەموو هێزە ئەمنییەکان چۆڵ بکات و تەنیا هێزێکی تایبەت ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی پێ بسپێردرێت.

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەفتەی رابردوو و ئەم هەفتەیەش رایگەیاند، هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو هەوڵی تێکدانی ئەو پەیوەندییە دەدەن و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش پەیامێکی نەرێنییە. گوتیشی "بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکانی دەرەوەی یاسا، کە هەوڵدەدەن بڕیاری دەوڵەتی عێراق بڕفێنن، کە پێچەوانەی دیدگای زۆرینەی هێزە نیشتمانییەکانی عێراقە لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق".

بە گوتەی مەلا تەڵاڵ، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران هەوڵی گەورەی داوە بەمەبەستی رێگریکردن لەو هەنگاوەی ئەمریکا و رازیکردنی ئەمریکا لەسەر ترسناکی کشانەوەیان لە عێراق و هەروەها بڕواپێهێنانی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەیە و دەڵێت "کشانەوەی ئەمریکا مەترسی دەبێت لەسەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی، بۆیە حکومەتی عێراق هەنگاوی گەورەی بڕیوە بۆ ئەوەی بگاتە بڕیارێکی ئەرێنی ئەمریکی سەبارەت بەو بابەتە".

گوتەبێژەکەی کازمی، جەختیکردەوە لەسەر سەپاندنی ئاسایش و سەقامگری نەک تەنیا بۆ ئەو نێردە دیپلۆماسییانەی لە عێراقدا کاردەکەن، بەڵکو بۆ تەواوی وڵات.

لەبارەی ئەمریکاشەوە گوتی "جەخت دەکەینەوە، ئەمریکا وڵاتێکی دۆستە، بەرژەوەندی هاوبەشی گەورەمان لەگەڵ یەکدی هەیە". باسی سەردانەکەی ئەم دواییانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ ئەمریکا کردو گوتی "واۆژ لەسەر چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن کراوە، کە ئەو هاوکارییە بەهێزتر دەکات، عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان بەردەوام بێت بەپێی بەرژەوەندی هاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆدا.

حکومەتی ئەمریکا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بە بەرپرسە عێراقییەکان راگەیاندووە.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردەوە، شەوی شەممە، 26ی ئەم مانگە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پلانی وڵاتەکەی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە.

میدیا ئەمریکییەکە نووسیویەتی، هێشتا دیارنییە ئیدارەی ترەمپ واژۆی لەسەر بڕیاری کشاندنەوەی باڵیۆزخانەکە کردبێت، هەروەها دیاریش نییە چ شتێك ئەگەری هەیە وا لە ترەمپ بکات بڕیارەکە هەڵپەسێرێت، بەڵام ئەگەر کۆشکی سپی بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ئەوا داخستنی باڵیۆزخانەکە لەماوەی 90 رۆژدا ئەنجامدەدرێت.

هۆشدارییەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا لە ئەگەری سنووردارنەکردن و کۆتایینەهێنانە بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. ئەو هەنگاوەش شرۆڤەکارانی سیاسی بە ئەگەری دەستپێکی شەڕی ئەمریکا دژ بەو گرووپانە تەماشای دەکەن. پێشتریش رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە وتارێکدا بڵاویکردەوە کە ئەگەر هەیە وەک سوپرایزی ئۆکتۆبەر پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ملیشیاکانی حەشدی شەعبی.

rudaw -
Top