وەزیری ناوخۆی عێراق: مووشکبارانەکەی ناوچەی رەزوانییە مایەی شەرمەزارییە بۆ ئێمە
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 28-9-2020، چوار مووشەک لە ناوچەی رەزوانییە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە پێنج هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و دووی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 29-9-2020، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کەربەلاوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رووداوەکەی دوێنێ مایەی شەرمەزارییە بۆ حکوومەت و هێزە عێراقییەکان.
عاسمان غانمی هەروەها رایگەیاندووە، کە وەزارەتی ناوخۆ دەستی بە لێکۆلینەوە کردووە و گەیشتووەتە سەرەداوێک لەبارەی مووشەکهاوێژەکان.
چالاکوان و هاووڵاتییانی عێراق پێیانوایە مووشەکبارانەکەی دوێنێ کرایە سەر ناوچەی رەزوانییە، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە.
بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوام باڵوێزخانە و بنکە سەربازییە ئەمریکییەکان بۆردومان دەکەن و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیش توانای راگرتنی ئەو هێرشانەیان نییە.
پێشتر لە شەوی یەکشەممە 27-9-2020، بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق و بەشێک لە ستافەکەی، بەغدایان بەجێ هێشتووە و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، خۆیان گەیاندووەتە هەولێر.
هەروەک ئەو میدیایانە باسیان کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشە و هێرشی بەردەوامی میلیشیا عێراقییەکان، کار لەسەر داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، دەکات.
باسنيوز