د.مەحمود عوسمان : یەکەمجارە ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکات

د.مەحمود عوسمان : یەکەمجارە ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا دەکات


سیاسەتوان د.مەحمود عوسمان، سەبارەت بە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئاماژە بەوە دەدات ئەوە یەکەمجارە بەهۆی لێدانەوە ئەمریکا هەڕەشەیەکی وا بکات، ئاماژە بەوەش دەدات ”ئەمینترین خەڵک و شوێن بۆ ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد و هەرێمی کوردستانە“.

د.مەحمود عوسمان، رای گەیاند، لە پێشتر لە شەستەکان پچڕانی پەیوەندی لە نێوان عێراق و ئەمریکا روویداوە، بەڵام بەهۆی لێدان و هێرشەوە ئەوە یەکەمجارە ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بدات کە ئەمەش بێگومان کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، گووتی ”ئەمریکا هۆشداری داوە لە لێدان لە ١٢٠ بنکەی سەربازی میلیشیاکانی کە نزیکن لە ئێران و ئەمریکا کە بە هەڕەشەیان دەزانێ بۆ سەر خۆی، بێگومان لەو دۆخەدا (ئێران)یش دەستوەردان دەکات و بەوەش عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەو دۆخەدا عێراق زیانی گەورەی بەر دەکەوێت کاتێک ئەمریکا باڵیۆزخانەی دابخات، چونکە ئەوە بەو مانایەیە کە دەستکراوە دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی هۆشداری داوە“.

ئەو سیاسەتوانە کوردە، ئاماژەی بەوەش دا، ”لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمینترین خەڵک و شوێن بۆ ئەمریکا کورد و هەرێمی کوردستانە“، گووتی ”کورد و هەرێمی کوردستان بەراستی هاوپەیمانی ئەمریکان و دۆستن، گرنگە ئەمریکا ئەوە لەبەرچاو بگرێ کە سەربازانیان لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی لەناو بازاڕو خەڵکدا دەسوڕێنەوە، گرنگە ستراتیژی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دۆستایەتیەکی راستەقینە بە لەبەرچاوگرتنی مافەکانی خەڵکی کوردستان بگۆڕێ، نەک سەرەڕای ئەو دۆخەی کە هەیەتی هەر روو لە بەغدا بێت، چونکە ئەو ئازادیەی کە ئەمریکیەکان هەیانە لە هەرێمی کوردستان ئەوە بەڵگەی بوونی ئەمنیەتێکی زۆر باشە بۆ ئەمریکا لەو ناوچەیە، هەروەکو کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر کە لە ئەمینترین شوێنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە“.






باسنیوز
Top