قەیس خەزعەلی: باڵوێزخانەی ئەمریکا باڵوێزخانەی داگیرکەرە
ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسائیب ئەهلی حەق رایدەگەیەنێت، کە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا باڵوێزخانەی وڵاتێکی داگیرکەری عێراقە.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری میلیشیاکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە عێراق شتێک نییە بەناوی بەئامانجگرتنی باڵوێزخانەکان، ”ئەوەی هەیە تەنیا بە ئامانجگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکایە، کە باڵوێزخانەی داگیرکەرە“.
قەیس خەزعەلی پێیوایە دروستکردنی لێژنە بۆ لێکۆڵینەوە لەو گرووپ و میلیشیایانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پایتەختی عێراق دەکەنە ئامانجی مووشەکەکانیان، ”خزمەتی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق ناکات و نابێتە هۆی دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق“.
پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دروست بکات و کازمیش پەسنی ئەو داوایەی سەدری کرد.
شەوی یەکشەممە 27-9-2020، بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق و بەشێک لە ستافەکەی، بەغدایان بەجێ هێشتووە و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، خۆیان گەیاندووەتە هەولێر.
هەروەک ئەو میدیایانە باسیان کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی هەڕەشە و هێرشی بەردەوامی میلیشیا عێراقییەکان، کار لەسەر داخستنی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا، دەکات.
باسنيوز