نوجه‌با هه‌ڕه‌شه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

نوجه‌با هه‌ڕه‌شه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
بزووتنه‌وه‌ی "النجباء"ی سه‌ر به‌ میلیشیاكانی "حه‌شدی شه‌عبی" هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكای له‌ به‌غدا كرد.

سكرتێری گشتیی بزووتنه‌وه‌كه‌، "ئه‌كره‌م كه‌عبی" رایگه‌یاند، "ئێمه‌ هێشتا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی ره‌سمی سه‌رجه‌م هێزه‌كان ده‌كه‌ین، سه‌باره‌ت به‌ بوونی مۆڵگه‌یه‌كی سه‌ربازی پێشێلكاری سه‌روه‌ری عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ ناوی باڵیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا دایمه‌زراندووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وێرانكاری و خراپه‌كاری له‌ عێراق بڵاوبكاته‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌گه‌ر هه‌مووان بێده‌نگی هه‌ڵبژێرن، به‌ره‌نگاری، هه‌ڵوێستی خۆی ده‌بێت، به‌ تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی چه‌كی زۆر هه‌ستیار و ورد ده‌خرێته‌ كار".

ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، ئه‌مڕۆ، كه‌ناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئه‌مه‌ریكایی بڵاویكرده‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، "مایك پۆمپیۆ" هۆشداری داوه‌ته‌ عێراق و ئاگاداری كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و په‌لاماردانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا؛ باڵیۆزخانه‌كه‌یان له‌ عێراق داده‌خه‌ن".
k24 -
Top