پەروەردەی عێراق پلانی شێوازی خوێندنی ئەمساڵ دادەنێت
ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی پەروەردە پلانی خۆی بۆ شێوازی خوێندنی ئەمساڵ (2020- 2021) تەواو کردووە، کە بریتییە لە؛
- هەڵوەشاندنەوەی پشووی رۆژانی شەممە لە قوتابخانەکان
- دیاریکردنی هەر دوو رۆژی هەفتە بۆ قۆناغێکی خوێندن (سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی)
- کەمکردنەوەی وانەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و کەسانی پسپۆڕی پەروەردەیی
تەعمە لهێبی، بڕیاردەری لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، خوێندنی ئۆنڵاین پێویستیی بە هێڵی ئینتەرنێتی بەهێز هەیە و ئەو هێڵەش لە عێراق نییە و ئەو شێوازی خوێندنە ئەستەمە.
تەعمە لهێبی هەروەها رایگەیاندووە، ئەو پلانەی وەزارەتی پەروەردە بۆ شێوازی خوێندنی ئەمساڵ دایناوە لەگەڵ مەرجەکانی وەزارەتی تەندروستی و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەگونجێن، بەمەرجێک ژمارەی قوتابییان لە یەک پۆلدا زیاتر نەبێ لە 15 قوتابی.
بڕیاردەری لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە قوتابخانە ئەهلییەکانیش هەمان پلان دەیانگرێتەوە.
باسنيوز