لە عێراق چەند گەندەڵییەکی گەورە ئاشکرا دەکرێن

لە عێراق چەند گەندەڵییەکی گەورە ئاشکرا دەکرێن
دەستەی نەزاهەی عێراق چەند گەندەڵییەکی گەورەی لە چەند شارێکی عێراق ئاشکرا کردووە کە بڕەکەی ٢٧ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری عێراقییە و تەنەنانەت گەندەڵی تەنانەت لە ئامێری دەستنیشانکردنی کۆرۆناش کراوە.

فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان لە دەستەی نەزاهەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، چەندین گەندەڵی گەورەیان لە مووسڵ و نەجەف و بەغدا و بەسڕە ئاشکرا کردووە و ئاماژە بەوەش کراوە، تیمەكانیان لە بەسڕە لەو ماوەیەدا دەستیان گرتووە بەسەر 110 مامەڵەی ساختەی خانوبەرەی حکوومیدا كە بەهای ئەو ساختەکارییانە 5 ملیار دینار بووە.

دەستەی نەزاهەی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەش کردووە، لە مووسڵ ژمارەیەك فەرمانبەری فەرمانگەی تەندروستیی مووسڵ بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیر كراون.

ئاشکراشی کردووە دەست بەسەر ژمارەیەك بەڵگەی خەرجکردنی پارەدا گیراوە كە تایبەت بوون بە بودجەی بەكاربردن كە بە پێچەوانەی یاسا خەرج كراون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەستەی نەزاهە ئەوەشی خستووەتە ڕوو لە ماوەی سێ مانگدا چەندین کاری ساختەکاری کراوە و دەست گیراوە بەسەر 147 مامەڵەی خانەنشینی ساختەی تایبەت بە قوربانیانی تیرۆر لە دەستەی خانەنشینی نیشتمانیی لقی ئەنبار كە بەهاكەیان 10 ملیار دینار بووە، هەروەها دەست بەسەر مۆڵەتێكی سەختەدا گیراوە كە بۆ وەرگرتنی قەرز بە ئامانجی وەبەرهێنان لە نەجەف کراوە كە بەهاكەی 7 ملیار دینار بووە، جگە لەوەش دەست بەسەر مۆڵەتێكی ساختەی دیکەدا گیراوە كە بۆ وەرگرتنی 5 ملیار دینار بۆ كاری خانوبەرە درابوو".

ڕوونیشی کردووەتەتەوە، گەندەڵیش لە گرێبەستی كڕینی ژمارەیەك ئامێری پشكنین و دەستنیشانكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێدا کراوە و بەهای گەندەڵیەکەش 400 ملیۆن دینار بووە.














باسنيوز


Top