لایەنە عەرەبە شیعەکان لەسەر فرە بازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان رێک دەکەون
بڕیارە رۆژی شەممەی 26-9-2020، پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی ماددەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردن کۆ ببێتەوە.
قوسەى یاسرى، ئەندامى هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لایەنەکانى پێکهاتەى عەرەبی شیعە رێککەوتوون لەسەر ئەوەى یەک بازنەیى و فرەبازنەیى رەتبکەنەوە، ”سیستەمى بازنەى مامناوەند بەلاى سەرجەم هێزە شیعەکانەوە پەسەند کراوە، بەجۆرێک هەر بازنەیەک سێ بۆ پێنج یاخود حەوت کورسى بێت“.
هەروەها شێروان دووپردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە کورد و سوننە و شیعەوە بەتەواوی لەسەر سیستەمێک رێکنەکەوتوون.
شێروان دووپردانی هەروەها رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە دەنگ لەسەر ماددەی بازنەکانی هەڵبژاردن دەدات، ”ئێمە وەکو کورد، کێشەمان نییە و یەکهەڵوێستین“.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە چارەسەری مامناوەند لەنێوان یەکبازنەیی هەموو عێراق و بازنەی بچووکی قەزا و ناحییەکان پەسەند دەکرێت.
پێکهاتەی کورد لەگەڵ ئەوە دایە، کە بازنەی هەڵبژاردن لە یەک بازنەیی بۆ هەر پارێزگایەک بچووک تر نەکرێتەوە.
باسنيوز