پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی رژێمی بەعسی روخاو هەڵدەوەشێنێتەوە

 پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی رژێمی بەعسی روخاو هەڵدەوەشێنێتەوە
ئەمڕۆ دوشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم و دوەم بۆ 10 بڕیار و پڕۆژەیاسا دەکات، کەدیارترینیان بریتیە لە دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی رژێمی بەعسی روخاو کەتایبەت بە "هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی سەربازی تەنها لەکاتی خانەنشین بوندا"، هەروەها خوێندنەوەی دوەم و گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی دەکرێت.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی کارنامەکە کاتژمێر 12:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 218ی ساڵی 2002ی رژێمی بەعسی روخاو دەدات کە بەگوێرەی بڕیارەکەی رژێمی بەعس ساڵانی خزمەتی سەربازی لە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەریدا هەژمار ناکرێت.

گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی دەکرێت

بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەتکراوە بە خوێندنەوەی دوەم و گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی کە وەک یەکێک لەپێشمەرجە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکراوە، چونکە لە ئێستادا دادگاکە بەهۆی خانەنشین بونی ژمارەیەک ئەندامی رێژەیی یاسایی بۆ کۆبونەوەی دادگای فیدڕاڵی بونی نیە.

هاوکات پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بەشداریکردنی عێراق لە ژمارەیەک رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی دەدات لەوانەش رێککەوتنامەی کاری دەریایی و رێککەوتنامەی پاراستنی شوێنەوار لەکاتی گرژییەکان.





خەندان
Top