عێراق زیاتر لە 13 هەزار تۆن ئارد بۆ لوبنان دەنێرێت

عێراق زیاتر لە 13 هەزار تۆن ئارد بۆ لوبنان دەنێرێت
بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەکەی بەیرووت لەسەر لوبنان، حکوومەتی عێراق کاروانێکی دیکەی هاوکاریی مرۆیی، بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.

دوای تەقینەوەکەی بەیرووت، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا بە کەلوپەلی پزیشکی، گەنم، خۆراک و نەوت و گازی شل هاوکاریی لوبنان بکات.

ئەمڕۆ شەممە 19-9-2020، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بڕی 13 هەزار و 300 تۆن ئاردی بۆ لوبنان، وەک هاوکاری، ناردووە.

ئەو 13 هەزار و 300 تۆن ئاردە لە بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق بەڕێگای کەشتییەوە بۆ لوبنان نێردراوە.

رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس.

تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.

هەرچەند عێراق بە چەندین جۆر هاوکاریی لوبنانی کرد، کەچی لە رۆژی 8-8-2020، سوپای لوبنان، کە بە وەرگرتنی هاوکارییەکان راسپێردراوە، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد، کە دوای تەقینەوەکە هاوکارییان بۆ لوبنان ناردووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراق نەکرد.

ناردنی ئەو هاوکارییانە بۆ لوبنان لەکاتێک دایە، کە بەپێی هەموو رووپێوییە جیهانییەکان، خەڵکی عێراق هەژارن و حکوومەت لە زۆربەی شارەکان، تەنانەت ئاوی خواردنەوەی بۆ خەڵک دابین نەکردووە.











باسنيوز



Top