هیومان رایتس وۆچ داوای كۆتاییهێنان بە ئەشكەنجەدانی زیندانیانی عێراق دەكات

هیومان رایتس وۆچ داوای كۆتاییهێنان بە ئەشكەنجەدانی زیندانیانی عێراق دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای لە حكوومەتی عێراق كرد بە زووترین كات كۆتایی بە ئەشكەنجەدان و سووكایەتیكردن بە هاووڵاتییانی زیندانیكراو بێنێت.

ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچی نێودەوڵەتی، كە تایبەتە بە چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا، ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا رایگەیاندووە تا ئێستاش لە زیندانەكانی عێراقدا سووكایەتی بە زیندانیكراوان دەكرێ و بە شێوەی نامرۆییانە ئەشكەنجە دەدرێن.

هیومان رایتس وۆچ هەروەها داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بچێتە ناو ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان.

ڕێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەكە پێیوایە چیتر سوودی نەماوە داوای نەهێشتنی ئەو پرۆسێسە ڕێكخراو و بەردەوامەی ئەشكەنجەدانی زیندانیان ئاراستەی حكوومەتی عێراق بكات، بەڵكو بە پێویستی دەزانێت پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پرۆتۆكۆلێكی سەرپشككردنی حكوومەت بدات، بۆ چوونە ناو ڕێككەوتنامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان.

بە پێی ڕێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، ئەگەر پەرلەمان ئەم هەنگاوە بنێت، ئەوا تیمی سەربەخۆی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێ سەردانی زیندانەكانی عێراق بكات و لە نزیكەوە چاودێری و یارمەتی پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی زیندانیكراوان لە ئەشكەنجەدان بپارێزرێن.












باسنيوز


Top