ئەمیندارە نوێیەکەی بەغدا کێیە، کە شکستی بە حیزبە شیعەکان هێنا؟
مستەفا کازمی، ئێوارەی دووشەممە ژمارەیەک چەندین گۆڕانکاری لە پۆستە باڵا جیاوازەکانی عێراقدا راگەیاند، لە نێویاندا بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ئەمینداری گشتیی پایتەخت.
دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی بەدڵخۆشی و پۆزەتیڤییەوە پێشوازییان لێکرا، دەستنیشانکردنی ئەندازیاری بیناسازی مونهەل عەزیز حەبوبی بوو، کە کرا بە ئەمینداری گشتیی بەغدای پایتەخت.
حەبوبی لەگەڵ 10 کەسی دیکەدا، رکابەریی دەکرد بۆ شوێنگرتنەوەی زیکرا عەلووش لەو پۆستەدا کە لە 2015ەوە ئەمینداری پایتەخت بوو. کازمی دواجار حەبوبی دەستنیشانکرد. بڕیارەکە لەلایەن شەقامی عێراقییەوە بە گەرمی پێشوازیکرا.
ئەندازیارە داهێنەرەکە
مونهەل عەزیز حەبوبی لەدایکبووی 1970ی بەغدایە، ماستەری لە فەلسەفەی بیناسازیدا هەیە لە زانکۆی بەغدا لە ساڵی 2000، سەرەتای کارکردنی، ئەندازیاری بیناسازی بووە لە نووسینگەیەکی راوێژکاری.
ئەندازیارە گەنجەکە، لە دیزاینەکانیدا هەوڵدەدات رەهەندە فەلسەفییەکان بەبەر بیناکاندا بکات، ئەو دەڵێت "نامەوێ تەنیا نموونەکان دروست بکەم، بەڵکو من تەنیا دۆخەکان دەگونجێنم کە رێگەدەدات بە هۆشیاری بیناسازی بۆ وەرگرتن و هەستپێکردن".
ئەستێرەی حەبوبی ئەوکات درەوشایەوە کە لە پێشبڕکێیەکدا، بۆ دیزاینکردنی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەو دواتر بۆ دروستکردنی چەندین باڵەخانە لە عێراق بانگکرا.
حەبوبی نووسینگەیەکی راوێژکاریی ئەندازەیی و ئاوەدانکاری هەیە، نووسینگەکەی لە بەغدا و ئیستەنبوڵ لقی هەیە، لە لقەکانیدا لێهاتووترین ئەندازیارانی عێراقی و تورکی کاردەکەن.
ئەو دیزاینەی شکستی بە زوها حەدید هێنا
ئەندازیارە گەنجەکە، کە پێشتر لە پێشبڕکێی دیزاینی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لەو پێشبڕکێیەدا سەرکەوتنی بەسەر دیزاینی 30 ئەندازیاری دیکەی بیناسازی عێراقی و بیانیدا بەدەستهێنا، دیارترین ئەو رکابەرانەی حەبوبی لێی بردنەوە، زوها حەدید، بەناوبانگترین ئەندازیاری بیناسازی عێراق بوو.
لەبارەی دیزاینی ئەو باڵەخانەیەوە، حەبوبی دەڵێ دیزاینی پرۆژەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران، بیرۆکەکەی لەوەوە هات کە لە شارستانیەتی دوو رووباردا، سیمبولی 'تاهەتایی' هەیە، ئەمەش جێگەی سەرنج بوو، ئەو پێیوایە شارستانیەتی مەزنی عێراق، هەرگیز کۆتایی نایەت، چونکە چارەنووسی شارستانیەتەکە، نەمرییە.
ئەندازیارەکە، سیمبولی تاهەتایی یان 'نەمری' لە شارستانیەتی سۆمەرییەوە وەرگرتووە. ئەو سیمبولەکەی بۆ پێکهاتەیەکی سێ رەهەندی گۆڕیوە، دواتر مۆکێتێکی ئەندازەیی سەرەکی شەش پاڵوویی لێدروستکرد تا ببێتە باکگراوندی، شەش پاڵووەکە لە ناوەڕاستدا پارچەیەکی لێکراوەتەوە، تا ببێتە بۆشایی ناوەڕاستی باڵەخانەکە، چینەکانی نووسراوی سۆمەرییەکان کراونەتە رووکەشی باڵەخانەکە. بازنەیەکی گەورەش لە دەرەوەی باڵەخانەکە، هێندەی دیکە، دیزاینەکەی نایاب کردووە.
یەکەم بەرپرسی زانستی نەک حیزبی
دەستنیشانکردنی حەبوبی بە ئەمینداری پایتەخت، کاردانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی دروستکرد و هاوکات ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنراوە.
ئەحمەد جەنابی، رۆژنامەڤان، وایداناوە کە بڕیاری دەستنیشانکردنی حەبوبی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی پایتەخت، یەکەم دامەزراندنە کە بایەخ بە لایەنی زانستی دەدات نەک سیاسی.
جەنابی بە 'جەزیرە نێت'ی راگەیاندووە کە حەبوبی کەسێکی بیناسازە و لە زانکۆ بەناوبانگەکان خوێندوویەتی، بڕوانامەی باڵا و پرۆژەی گەورەی ئەنجامداوە، لە چەندین پرۆژەی مەزندا، ئامادەیی هەبووە. رۆژنامەڤانە عێراقییەکە، بڕیارەکەی بە سەرەتای باش بۆ هەموو ئەندازیارانی عێراق داناوە.
لە لێهاتوویی ئەندازەییەوە بۆ لێهاتوویی کارگێڕی
بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان، دەستنیشانکردنی حەبوبی بۆیە پەسندە، چونکە ئەو یەکێکە لەوانەی دەتوانێت رووخساری جوان بەبەری بەغدای پایتەختدا بکاتەوە، کە بەدەست پشتگوێخستن و وێرانبوون و پیسی و دیمەنی قێزەونەوە دەناڵێنێت لەسەر هەموو ئاستەکان.
حەبوبی بە کەسێکی لێهاتوو و دەستپێشخەر و ئەزموونداری ناو پرۆژە ئەندازەیی و بیناسازییەکان ناسراوە.
ئەو کەسانەی لە سۆشیالمیدیادا پێشوازییان لە بڕیارەکە کردووە، هیواخوازن لێهاتووییەکانی حەبوبی، لە بواری بیناسازییەوە بۆ بواری کارگێڕی بگوازرێتەوە.
عامر ئیبراهیم، رۆژنامەڤان گوتویەتی: "ئەمیندارییەتی بەغدا، پڕی دەستەوتاقمی حیزبەکانە کە تۆڕی ئاڵۆزی گەندەڵییان دروستکردووە و پێویستە کەسێکی بەهێز و تووند، کۆتاییان پێ بهێنێت".
هەرچی ئەحمەد عید، رۆژنامەڤانە نووسیوویەتی: "لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ و بەر لە 1234 ساڵ، هاڕونە رەشید بووە خەلیفەی عەباسییەکان لە بەغدا، لەوکاتەوە شارەکە بووە شاری زانایان و رووگەی زانست و ئەدەب. ئەمڕۆ لەو یادەدا مەنهەل حەبوبی کرایە ئەمینداری بەغدا، ئاخۆ کێ نەمریییەکان بۆ بەغدا دەگێڕێتەوە لە نێو ئەو پشێوی و جەنگدا کە هەیە؟".
کار و دەسەڵاتەکانی ئەمینداری بەغدا
بەپێی پێناسە و یاسای ئەمینداریەتی شاری بەغدا، ئەو حکومەتە ناوخۆییە، حکومەتی بەرپرس لە شارەکەیە.
بەپێی پێناسەی 'ویکپیدیا' بۆ ئەمانەتی بەغدا "ئەمانەتەکە لایەنی بەرپرسی حکومییە لە بەغدای پایتەختی عێراق، جیا لە لەخۆگرتنی شارەوانییەکانی سنووری شارەکە، ئەو بەرپرسە لە پاکوخاوێنی و جوانیی بەغدا".
دامەزراندنی ئەمانەتی بەغدا بۆ سەرەتاکانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە، پێشتر بەناوی ئەمانەتی پایتەختەوە بوو، یەکەمین ئەمینداری بەغدا ئەرشەد عومەری بووە. ئەو فەرمانگەیە چەندین کاری جیاواز دەکات، لە نێویاندا ئەنجامدانی ئاهەنگەکان و گەشەپێدانی شارەکە و جوانکردنی رووخساری. پێشتر ئەمانەتی بەغدا چەندین چالاکی ساڵانەی ئەنجامداوە لە نێویاندا فیستیڤاڵی ساڵانەی رۆژی بەغدا و پێشانگای نێودەوڵەتیی گوڵ.
یاسای ئەمینداریەتی بەغدا، ژمارە 16ی ساڵی 1995ی 'دەستکاریکراو' ئەرکەکانی بەمشێوەیە دەستنیشانکردووە "ئەمینداریەتی بەغدا ئەرکی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان، لە چوارچێوەی سنوورەکانی شاری بەغدا، لە نێویاندا گەشەپێدانی بەشێوەیەکی پلانڕێژکراو کە لەگەڵ پایتەختی عێراقدا بگونجێت".
ئەمینداری گشتیی بەغدا، لە بەرامبەر بەرپرسی یەکەمی خزمەتگوزارییەکانی پایتەختە. ئەمیندار سەرپەرشتی ئەنجوومەنی ئەمینداریەتیی پایتەخت دەکات. بەرپرسە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لەسەرجەم بوارەکاندا لە ناوچەکانی سنووری کارگێڕیی پایتەخت. ئەمینداریەتییەکە شەش بەشی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە پێکهاتووە لە فەرمانگەکانی 'دارایی، نەخشەکێشان، یەکەکانی شارەوانی، رێگاوبان، بیناسازی، ئاو و ئاوەڕۆی بەغدا'.
ئەرکە فەرمییەکانی ئەمینداریەتییەکە بەمشێوەیە دەستنیشانکراوە "بایەخدان بەجوانکاری پایتەخت، بایەخدان بە پاکوخاوێنی پایتەخت، نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان، بایەخدان بە پرۆژەکانی پایتەخت، دروستکردنی پرد، دارچاندن لەپایتەختدا و دروستکردنی پارک و باخچەکان لە بەغدا".
شەڕی شیعەکان لەسەر ئەمیندار
پۆستی ئەمینداری بەغدا، یەکێک لەو پۆستانەبوو کە چاوەڕێی پڕکردنەوە و دەستنیشانکردنی کەسێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی دەکرا، ئەمە پاش ئەوەی رۆژی 29ی تەمووزی ئەمساڵ، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی زیکرا عەلوش، ئەمینداری پێشووی بەغدای راگەیاند.
پڕکردنەوەی پۆستی ئەمینداری بەغدا، وەک هەموو پۆست و پلەیەکی دیکەی عێراق، بووە هۆکاری ململانێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لەپێناو بەدەستهێنانی کورسیی ئەو فەرمانگەیەدا. حیزبە سیاسییە شیعەکانی عێراق، کەوتنە ململانێیەکی تووندەوە لەسەر گەیاندنی بەربژێرەکانیان بۆ ئەو پۆستە.
رۆژی 13ی ئابی ئەمساڵ، رۆژنامەی 'مەدا'ی عێراقی، بڵاویکردەوە کە دوای دوورخستنەوەی ئەمینداری پایتەخت، هەوڵەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەمینداری نوێ، چڕبوونەتەوە.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردبوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نێو 10 کەسایەتی دیاردا بۆ پێدانی پۆستی ئەمینداری بەغدا، کەسێکی ناحیزبی بۆ پۆستەکە دەستنیشانکردووە، پاش ئەوەی رەزامەندی لایەنە شیعییەکانی بەدەستهێناوە.
رۆژنامەکە ئەوکات رایگەیاندبوو کە، ئەمینداری نوێ بەرلە کۆتایی مانگ رادەگەیەنرێت، بەڵام وەک دواتر دەرکەوت، ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکانی وەک فەتح و حیکمە و دەوڵەتی یاسا، بوونەتە هۆکاری دواکەوتنی دەستنیشانکردنی ئەمیندارە نوێیەکە.
ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان لە دەستنیشانکردنی ئەمینداری نوێ، بەهۆی دوو رای جیاوازەوە بوو، هەندێک لەو لایەنانە داوایاندەکرد ئەمینداری نوێ لە ناو ئەنجوومەنی فەرمانگەکەدا بێت، لە شێوەی عەمار موسا، بەڕێوەبەری ئاوی پایتەخت، یان لەیس کەعبی، بەڕێوەبەری پارکەکان و موحسین کەرعاوی، بەڕێوەبەری پرۆژەکان.
لایەنەکانی دیکە داوای دەستنیشانکردنی کەسانی دەرەوەی فەرمانگەکەیان دەکرد، لە نموونەی پەرلەمانتارانی پێشوو و کەسایەتییە ناسراوەکان، وەک عەلی حەمیداوی و جاسم بەخاتی، یان عەبدولحوسێن عەبتان و محەمەد روبەیعی.
رۆژنامەی 'مەدا' ئەوکات رایگەیاندووە کە کازمی حەز بە دەستنیشانکردنی کەسێک لە دەرەوەی هەموو ئەوانە دەکات. ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێکەوتن لە نێوان خۆیاندا، بێگومان سەرۆکوەزیران ئەو هەنگاوە دەنێت و خۆی کەسێک دیاریدەکات بۆ پۆستەکە.
هۆکاری ناکۆکییەکانی ناو لایەنە سیاسییە شیعەکان لەسەر پۆستەکە، بەبڕوای سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ 'مەدا' کردووە، بۆ بایەخی پۆستەکە دەگەڕێتەوە. ئەو سەرچاوەیە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە گوتوویەتی "پۆستی ئەمینداری بەغدا، پۆستێکی هەستیار و گرنگە، کاریگەریی بەهێزی لەسەر دەنگی شەقام دەبێت لە هەر هەڵبژاردنێکدا، لەبەرئەوە هەمووان دەترسن ئەو پۆستەیان لەدەست بچێت و تا دوا هەناسە، شەڕی لەسەر دەکەن".
کورسییەکەی ئەمیندار بە 10 ملیۆن دۆلار
لە هەمان سەروبەنددا و لە کاتێکدا پڕکردنەوەی شوێنی ئەمینداری پایتەخت، ململانێی قورسی لایەنە سیاسییەکانی بەخۆوە دەبینی، ماڵپەری 'بەغداد پۆست' لە هەواڵێکدا ئاشکرایکرد، پۆستی ئەمینداری بەغدا خراوەتە ناو موزایەدەوە.
ماڵپەرەکە لە 15ی ئابی ئەمساڵدا، بڵاویکردەوە کە "سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری بەغدا، نرخەکەی گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار".
ئەوە یەکەمجار نییە دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە، کە پۆستە گەورەکانی عێراق لە نێو لایەنە سیاسییەکاندا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، پێشتر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، یەکێکبوو لەو پۆستانەی باس لە فرۆشتنەوەی دەکرا، لەلایەن لایەنێکی سیاسییەوە بەلایەنێکی دیکە.
وەک ماڵپەرەکە ئاشکرایکردووە، ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە: "ململانێیەکی سیاسیی و حیزبی گەورە لەسەر پۆستەکە هەیە، نرخەکەی گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار". بەپێی هەمان سەرچاوە "بزنسمانێکی گەورە کە پرۆژەی وەبەرهێنانی لە نێو ئەمینداریەتی بەغدادا هەیە، نزیکترین کەسە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە".
ئەمینداریەتی بەغدا لە ساڵی 2003ەوە چەندین بەرپرسی جیاوازی هەبووە، لە نێویاندا عەلا تەمیمی، حوسێن تەحان، سابر عیساوی کە حەوت ساڵ لە پۆستەکەی بەردەوامبوو، دواتر عەبدولحوسێن مورشیدی، نەعیم عەبعوب، دواجاریش زیکرا عەلوش کە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، دەستنیشانی کردبوو.
وەک رۆژنامەکە گوتوویەتی، لە دوای بڵابوونەوەی هەواڵی دوورخستنەوەی عەلوشەوە، 40 ئەندام پەرلەمانی نوێنەری پایتەخت، گفتوگۆکانیان دەستپێکردبوو بۆ دەستنیشانکردنی ئەمینداری نوێ.
ئەو ئەمیندارانەی هیچیان نەگۆڕی
لە ساڵانی رابردوودا، بەغدای پایتەختی عێراق، بەدەست کێشەی زۆری بێ خزمەتگوزاری و ئاستی خراپی پرۆژەکان و پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت. کێشە و تەنگژە بەردەوامەکانی بێکارەبایی و ئاو و ئاوەڕۆ و بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک، بەسەر شەقامە سەرەکییەکانی پایتەختی عێراقدا، یەکێک بوون لەو هۆکارانەی گەنجان، پیاوان و ژنانی شارەکەیان لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، هێنایە سەرشەقام بۆ خۆپێشاندان.
تەنگژەی خزمەتگوزارییەکان و بێسەرەوبەرەیی لە پایتەختی عێراقدا، شتێک نەبوو بشاردرێتەوە. بەردەوامبوونی دۆخی خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە بەغدا کە بەرپرسی یەکەم لێی، ئەمینداریەتی شارەکە بوو، رۆژانە لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە باسی دەکرا و دەستی گەندەڵی بۆ ئەندامانی ئەمینداریەتییەکە رادەکێشرا.
زوهێر فەتلاوی' لە 18ی ئاداری ئەمساڵدا لە ماڵپەری 'تۆڕی هەواڵی عێراق' دەڵێ: "گەندەڵییەکانی ئەمینداریەتی بەغدا، گەیشتوونەتە لوتکە، ئەی کازمی".
نووسەرەکە دەڵێ گەندەڵی، پشتگوێخستن و بەجێهێشتنی پرۆژەکان لە بەغدا، زیاتر لە دوو دەیەیە بەردەوامن، ئەمینداریەتی پایتەخت هیچ ناکات.. ئاخۆ بەڕێزتان سەردانی ئەمانەتی بەغدا دەکەن تاوەکو بزانن لەوێ چی روودەدات؟
ئەو دەڵێ لە کۆی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، تەنیا ئەمینداریەتی بەغدا سەر بە کەس نییە، نازانین وەزارەتە یان دەستەیە، ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و ملیاران بەهەدەر دەدات، بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکێش بکات.
'ئەحمەد بەیاتی' لە ماڵپەری 'ئەلبەینە ئەلجەدید' لە 24ی شوباتدا باسی 'لەگرێژنە دەرچوونی دۆخی خزمەتگوزارییەکان' دەکات و دەڵێ "ئەمینداریەتیی بەغدا هیچ پرۆژەیەکی نەکردووە، شەقامەکان جێگەی بەزەیین، زبڵ و خاشاک تادێت زیاتر کەڵەکەدەبن.. ئاو و کارەبا بەردەوام دەبڕێن، گواستنەوە زۆر خراپە و هیچ خزمەتگوزارییەک لە دۆخی باشدا نییە".
ئەو زیاتر گوتویەتی کە: "پلاندانانی خراپ و گەندەڵی لە پشت تێکچوونی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی بەغداوەن، ئەمەش لە سایەی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و پشتگوێخستن و زۆریی پرۆژە وەهمییەکان.. جیا لە دەستتێوەردانی حیزبی و دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەرەکان لەسەر بنەمای سیاسی".
عەلوش لەبەردەم پەرلەماندا
گوشارە زۆرەکانی سەر حکومەت و ترس لەسەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان لە ناو بەغدا، بەهۆی خراپیی دۆخی شارەکەوە، دواجار وایانکرد گۆڕانکارییەکان رووبدەن. مستەفا کازمی لە مانگی تەمووزدا دوورخستنەوەی عەلوشی لە پۆستەکەی راگەیاند.
بەر لە دوورخستنەوەی زیکرا عەلوش لە پۆستی ئەمینداری گشتیی بەغدا، ئەو رووبەڕووی رەخنەی زۆری شەقامی عێراقی بووەوە، لە 25ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، عەلا کەرەمەڵا، لە ماڵپەری 'دەنگی عێراق' باسی لە ئەگەری بانگهێشتکردن و لێپرسینەوەی عەلوش، لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە کردووە.
ئەو هەرچەندە ئومێدی بە لێپرسینەوەی بەرپرسانی عێراق لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەوە نییە و بەیارییەکی نێوان لایەنەکانی ناودەبات، بەڵام باسی لەوە کردووە کە عەلوش بەتۆمەتی گومان لە گەندەڵی دەبرێتە بەردەم پەرلەمان، بڕی ئەو پارەیەی ئەوی پێ تۆمەتبارکراوە 500 ملیۆن دیناری عێراقییە کە لە بودجەی ئەمینداریەتی بەغدا خەرجکراوە و دیارنییە چی لێهاتووە.
نووسەرەکە ئەمینداری پایتەخت بە "بایەخدان بەناوچە دەوڵەمەندەکانی بەغدا و پشتگوێخستنی ناوچە هەژارەکان" تۆمەتبار دەکات، ئەمە جیا "لە ماستاوکردن بۆ بەرپرسە گەورە و دەسەڵاتدارەکان و نەپاراستنی ماڵی گشتی".
عالیە نەسیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، داوای لێپێچینەوە و بانگکردنی عەلوشی بۆ پەرلەمان کرد، بەهۆی "دابینکردنی خانوویەک و فەرشڕێژکردنی بەبڕی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار لە بودجەی ئەمینداریەتی بەغدا، بۆ بەڕێوەبەرێکی پێشووی ئەمینداریەتییەکە، بەناوی سەجاد مەعتوگ، لەگەڵ کارکردنی فەرمانگەکانی ئەمینداریەتییەکە لە خانووەکەدا و پێوەلکاندنی باخچەیەک، کە وایکردووە کۆی رووبەری خانووەکە ببێتە 4 هەزار مەتر".
وەک عەلا ئاشکرایکردووە، ئەمینداری بەغدا بە کەسێکی "دووڕوو و خۆبچووککەرەوە لەبەردەم بەرپرساندا ناسراوە، خزمەتی بەرپرسەکان دەکات، لاوازە و ترسی لە دەسەڵاتی گەورەکان هەیە، هەر کەسێک گوشاری لەسەر دروست بکات، ئەم هەوڵی رازیکردنی دەدات".
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان
رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ، نووسراوێکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکرایەوە کە تێیدا پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ هەڵوەستە لەسەر کارەکانی ئەمینداریەتی بەغدا پێکهێناوە.
نووسراوەکە کە واژووی وەلید سەهلانی سەرۆکی لیژنەکەی پێوەیە، دروستکردنی لیژنەیەکی لە چوار ئەندام پەرلەمان راگەیاندووە بۆ "تێڕوانین و ئاگاداربوون لە شێوازی کارەکان لە ئەمینداریەتی بەغدا و هەڵوەستەکردن لەسەر رێگرییەکانی کار و لاوازیی ئاست و زانینی کێشەکان و پاشکەوتنی پرۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان".
لە 7ی تەمووزدا، لیژنەکە رایگەیاند کە، راپۆرتێکی ورد لەبارەی گەندەڵییەکانی ئەمینداریەتی بەغدا و هەنگاونان بەرەو گۆڕینی پەیکەری کارگێڕیی، ئەو فەرمانگەیە دەخاتەڕوو.
عەلا روبەیعی، ئەندامی لیژنەکە بە کەناڵی 'ئیبائ'ی راگەیاندووە ئەمینداریەتیی بەغدا، کە بەرپرسە لە پێشکێشكردنی خزمەتگوزارییەکان و 30 بەڕێوەبەری گشتی و 3 جێگر و ئەمیندارێک بە پلەی وەزیر دەگرێتەوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا سەرکەوتوو نەبوون لە پێشکێشکردنی بچووکترین خزمەتگوزارییەکان، لە شێوەی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبان و کشتوکاڵ.
ئەندام پەرلەمانەکە ئاشکرایکردووە کە لیژنەکە هەڵوەستە لەسەر چەند پرۆژەیەکی پشتگوێخراو دەکات، لەوانەش "پرۆژەی خەنسا کە چەندین ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە، هەروەها پرۆژەی سوپا کە 100 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکراوە و نازانرێ پارەکەی بۆ کوێ چووە، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە پرۆژەی ئاوی رەسافە کە یەک ملیار دۆلاری بۆ دانرابوو و دەبوو رادەست بکرێت".
لەلایەکی دیکەوە، جاسم بەخاتی، ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی، بە رۆژنامەی 'مەدا'ی راگەیاندووە کە ئەمینداریەتی بەغدا، بەرپرسی یەکەمی خراپبوونی خزمەتگوزارییەکان و بڵاوبوونەوەی پاشەڕۆی سەر شەقامەکانە.
ئەو روونیکردووەتەوە کە ئەمیندارییەکە بەرپرسە لە کەڵەکەبوونی زبڵ لەسەر شەقامەکان، هەروەها چاکنەکردنەوەی رێگەوبانەکان و ژێرخانی شارەکە.
هەڵبژێردراوەکەی کازمی، شیعەکانی رازینەکرد
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەکئەوەی پێشبینیدەکرا، گۆڕانکارییەکانی راگەیاند، حەبوبی یەکێک بوو لەوانەی، کازمی لە لیستی گۆڕانکارییەکاندا ناوی هێنان.
بڕیارەکەی کازمی رەزامەندی لایەنە سیاسییەکانی لێنەکەوتەوە. هەندێکیان بێبەریبوونی خۆیان لە گۆڕانکارییەکان راگەیاند.
ئاژانسی 'ئەنادۆڵ' رۆژێک دوای راگەیاندنی پۆستە نوێیەکانی کازمی، بڵاوکراوەی چەندین لایەنی سیاسی عێراقی بڵاوکردەوە، کە لەبارەی گۆڕینی پۆستی 15 دامەزراوەی دەوڵەتەوە لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، کارگێڕی و دارایی، ئەنجامیداون.
ئاژانسەکە دەڵێ بڵاوکراوەی جیاوازی لایەنەکان پێکهاتووە لە 'هاوپەیمانی سائیرون'، 'هاوپەیمانی فەتح' و 'دەوڵەتی یاسا'.
سائیرون کە 54 کورسی پەرلەمانی بەدەستەوەیە لە کۆی 329 کورسی، دەڵێت: "شۆک بووین بەو لیستەی دامەزراوەکان کە حیزبیبوون و سیاسەت بەسەریدا زاڵە".
هاوپەیمانییەکە کە نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر دەکات، دەڵێت "ئەمە مانای گەڕانەوەیە بۆ هەمان بازنەی پێشوو، شکستە لە پرۆژەی چاکسازیدا".
هاوپەیمانییەکە بێبەریبوونی خۆی لە لیستەکە رادەگەیەنێت: "نوێنەرایەتی ئێمە ناکات لە پرۆسەی راستکردنەوەی ئاراستە هەڵەکاندا".
لای خۆیەوە هاوپەیمانیی فەتح، کە 48 کورسی لە پەرلەماندا هەیە و زۆرینەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە خۆ دەگرێت، هەمان هەڵوێستی دەربڕی. هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانییەکە گوتی: "ئێمە ئاگاداری گۆڕانکارییەکان نەبووین کە قسەی زۆری لەسەر دەکرا و باس لە گەڕانەوەی پشکەکان دەکرا، لەبەرئەوە هاوپەیمانیی فەتح خۆی لێ بێبەریدەکات".
هەرچی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکییە کە 26 کورسی هەیە، دەڵێ: "ئەم گۆڕانکارییانە نەیانتوانی بابەتی پشک و پشکداری تێبپەڕێنن، بەڵکو بەپێچەوانەوە وایکرد ئەو کارە دووربکەوێتەوە لە پیشەییبوون و گەڕان بەدوای لێهاتوویی و ئەزموونی نیشتمانیدا".
دەستنیشانکردنی کەسە لێهاتووەکان
حکومەتی مستەفا کازمی بیانووی بۆ کارەکان بە دەستنیشانکردنی کەسە لێهاتووەکان هێناوەتەوە، ئەحمە مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حکومەت پێشتر رایگەیاندبوو: "تێڕوانی کازمی لە دەستنیشانکردنی کەسەکان بۆ پۆستەکان، لەسەر بنەمای دەستپاکی و لێهاتوویی دەبێت، کێشەش نییە ئەگەر کەسێکی لێهاتووی حیزبی و دەستپاک، لە حیزبەکانەوە دیاری بکرێن".
هیچ سەرچاوەیەکی عێراقی، باسی لە لایەنگیری و حیزبی بوونی مونهەل حەبوبی، ئەمینداری نوێی بەغدا نەکردووە. بۆیە ئەو رەخنانەی لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو دەگیرێن، بەئاراستەی جیاوازدان.
سەباح عگێلی، ئەندامی 'سائیرون' ئاشکرایکردووە کە 71 ئەندام پەرلەمانەکەی شاری بەغدا، پێشبینییان دەکرد رۆڵیان لە دەستنیشانکردنی کەسایەتییە گونجاوەکاندا هەبێت بۆ ئەمینداریەتی بەغدا، بەڵام "پێمان سەیر بوو سەرۆکی حکومەت لەگەڵماندا کۆنەبووەوە، لە کاتێکدا ئێمە داوای بینینی ئەومان کردبوو".
لایەنە سیاسییە ناڕازییەکان، بەهیچ شێوەیەک ناوی مونهەلیان نەهێناوە، بەڵام فەهد جبوری، ئەندامی 'رەوتی حیکمە' پێشتر بە رۆژنامەی 'مەدا'ی راگەیاندبوو کە "پۆستی ئەمینداری بەغدا بە کەسێکی بێلایەن دەدرێت، دوای رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا".
ئەو ئاشکرایکردبوو کە لایەنە سیاسییەکان، کازمییان سەرپشک کردووە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە. ئەو کەسەش کە کازمی دەستنیشانیکردووە "کەسێکی سەربەخۆ و خزمەتگوزار و مەیدانییە و خودی کازمی خۆی دەستنیشانیکردووە".
ئاڵوگۆڕی پۆستەکان دوو هەفتە بەرلەیادی هەڵایسانی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی تشرینی یەکەمی رابردوو دێت، کە تێیدا خۆپێشاندانی گەورە لە سەرجەم شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەڕێوەچوون و تێیدا داوای قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و لێپرسینەوەی گەندەڵکاران و باشکردنی ژیانی هاونیشتمانییان دەکرا.
سەرچاوەکان دەڵێن لە ساڵیادی یەکەمی خۆپێشاندانەکاندا، خۆپێشاندانی گەورە لە سەرجەم شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەڕێوەدەچێت. لە کاتێکدا ئومێد هەیە کۆدەنگبوونی زۆرینەی بەغدادییەکان لەسەر بەربژێرەکەی کازمی، ئاگری تووڕەیی دانیشتووانی شارەکە هەندێک خامۆش بکات و وابکات ئەوان بەئومێدی گۆڕانکاریی دۆخی شارەکەیانەوە، وا بەزوویی نەیەنەوە سەرشەقام.
چونکە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەوەی کازمی کردوویەتی، لە بنەمادا تاکتیکێک بێت بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازییەکانی ناو شارەکە، کە بەدوای بچووکترین هەلدا دەگەڕێن بۆ هاتنەوە سەرشەقام و هاوارکردن بەدەنگی بەرز، دژی گەندەڵیی سیاسییەکانی وڵات.
rudaw