بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ: تەنیا لە چاكسازیی هەولێر هەزار و 100 عەرەب هەن

بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ: تەنیا لە چاكسازیی هەولێر هەزار و 100 عەرەب هەن
بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بارودۆخی چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان ناجێگیرە و پاڵەپەستۆیەكی زۆر لەسەر هۆڵەكان هەیە، تەنیا لە چاكسازی هەولێریش هەزار و 100 عەرەبی سزادراو بە ماددەی تیرۆر هەن.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت هەر هۆڵێك 9 بۆ 11 بەندكراوی تێدابێت، بەڵام ژمارەی بەندكراوان لە 25 تاوەكو 35 كەسە و پاڵپەستۆیەكی زۆر لەسەر چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان هەن، بەتایبەتی ژنان و منداڵان".

بەگوتەی بەدریە ئیسماعیل، "هەرسێ چاكسازییەكە كۆنن، یەكێكیان سەربازگە بووە و كراوەتە چاكسازیی ژنان و منداڵان، یەكێكیشیان قوتابخانە بووە، ئەوەی دهۆكیش بەپێی ستاندارد دروستنەكراوە".

سەبارەت بە بوونی تووشبووانی كۆرۆنا لەنێو چاكسازییەكان، بڕیاردەری لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان گوتی "لە هەرسێ چاكسازییەكان تووشبووانی كۆرۆنا هەن، لە چاكسازیی هەولێریش ژمارەیەكی زۆر تووشبووی كۆرۆنا هەن، لەنێو چاكسازیی سلێمانیش جاری وا هەبووە لە هۆڵێكدا هەشت تووشبووی كۆرۆنا هەبوون، تاوەكو ئێستاش دوو تووشبووی كۆرۆنا لە چاكسازییەكان كە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە، گیانیان لەدەستداوە".

لەبارەی هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر چاكسازییەكان، بڕیاردەری لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان گوتی "داوامانكردووە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بكرێت بۆئەوەی ئەو پاڵەپەستۆ زۆرە لەسەر چاكسازییەكان نەمێنێت، تەنیا لە چاكسازیی هەولێر هەزار و 100 عەرەبی سزادراو بە ماددەی تیرۆر هەن، ئەگەر هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا بكرێت ئەو سزادراوە عەرەبانە بگەڕێندرێنەوە چاكسازییەكانی عێراق، ئەو پاڵەپەستۆ زۆرە لەسەر چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان نامێنێت".

rudaw
Top