لە عێراق سەرۆکی نوێی دەستەی دەستپاکی دەستبەرکاربوو

لە عێراق سەرۆکی نوێی دەستەی دەستپاکی دەستبەرکاربوو
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/09/15 سەرۆکی نوێی دەستەی دەستپاکیی عێراق بە فەرمی دەستبەرکار بوو.

بەپێی راگەیێندراوێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، دوای دەرچوونی فەرمانی دیوانی، دادوەر عەلا جەواد حەمید وەک سەرۆکی نوێی دەستەی دەستپاکی دەستبەکار بوو. لەگەڵ کادیرە پێشکەوتەکانی دەستەکە کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دانانی پلانێکی خێرای کارکردن بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لەو دۆخەی ئێستادا کرد.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گۆڕانکاریی لە چەند پۆستێکی باڵادا کرد، لەنێویاندا سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی، بریکاری کاروباری ئۆپەراسیۆن لە دەزگای هەواڵگری.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا خالید عوبەیدی کە لە کابینەکەی حەیدەر عەبادیدا وەزیری بەرگریی بوو و پەرلەمان متمانەی لێسەندەوە، ببێتە بریکاری کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لەگەڵ دامەزراندنی عەلا جەواد حەمید لە پۆستی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سالم چەلەبی لە پۆستی بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراق.

ئەم گۆڕانکارییانەی کە مستەفا کازمی رۆژی دووشەممە 2020/09/14 کردنی لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدان بۆ گۆڕینی بەرپرسانی باڵا لە عێراق کە دەگوترێت لایەنە سیاسییەکان هەژموونی زۆریان بەسەریاندا هەیە.

دیارترین بڕیاری مستەفا کازمییش دوای دەستبەکاربوونی بڕیاری دامەزراندنی عەبدولوەهاب ساعدی بوو لە پۆستی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق کە بە نەیاری حەشدی شەعبی ناودەبرێت.

ناوی ئەو کەسانە و پۆستەکانیان کە لەلایەن مستەفا کازمییەوە دەستنیشانکراون:

- ئەندازیار منهەل عەزیز، پارێزگاری بەغدا
- سالم جەواد، بەڕێوەبەری بانکی بازرگانی
- خالید عوبێدی، بریکاری کاروباری ئۆپەراسیۆن لە دەزگای هەواڵگری
- مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی نیشتمانی
- سوها داوود، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
- فالح یونس، بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
- حەسەن حەلبووس، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان
- سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرە
- عەللا جەواد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی

rudaw
Top