کازمی روونکردنەوە لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پۆستە حکوومییەکان دەدات
ئەمڕۆ سێشەممە 15-9-2020، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە (باسنیوز)، رایگەیاندووە، رۆژی دووشەممە چەند ”گۆڕانکارییەکی پێویست“ی لە چەند پێگەیەکی ئیداریی گشتیی وڵاتەکەیدا، کرد.
مستەفا کازمی هەروەها رایگەیاندووە، گۆڕانکارییەکان بەپێی بنەما ئیداری و یاساییەکان کراون و بەشێک لەو کەسانەی لە پۆستەکان لادراون، ماوەی یاسایی کارکردنیان لەو پۆستانە تەواو ببوو.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو کەسانەی بۆ پۆستەکان دەستنیشان کراون، لە هەمان دامودەزگا کاریان کردووە یان کەسانی تایبەتمەند بوون بەو پۆستانە و دەستپاکیی و ئەزموونیان و راگرتنی هاوسەنگیی نیشتیمانیش لە دەستنیشانکردنیان، لەبەرچاو گیراوە.
مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشێک لە لایەنەکان ئەو گۆڕانکارییانەیان رەت کردووەتەوە و پێیانوایە بە دابەشکاریی تائیفی و حزبی دانراون، ”پێویستە ئەو دەنگۆیەی ئەو لایەنانە بڵاوی دەکەنەوە، پشت بە زانیاریی دروست ببەستێت، ئەوکات ئێمە بە جددی لێکۆلێنەوە دەکەین“.
رۆژی دووشەممە (دوێنێ)، مستەفا کازمی چەند گۆڕانکارییەکی لە پۆستە باڵاکانی حکوومەتەکەی کرد و بڕیاری دامەزراندنی چەند کەسێکی لەو پۆستە باڵایانە، دا.
باسنيوز