هادی عامری: تەنیا دوو کارمان لە کازمی دەوێ

هادی عامری: تەنیا دوو کارمان لە کازمی دەوێ


سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح (هاوپەیمانیی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق) رایدەگەیەنێت، کە تەنیا جێبەجێکردنی دوو کاریان لە سەرۆک وەزیرانی ئێستای وڵاتەکەیان، دەوێ.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، کە هاوکاری سەرۆکی میلیشیای بەدریشە، لە بەیاننامەیەکدا، هاوپەیمانییەکەی لە گۆڕانکارییەکانی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ژمارەیەک پۆستی باڵا بەری دەکات.

هادی عامری پێیوایە دانانی ئەو کەسانە، کە رۆژی دووشەممە (دوێنێ) بە بڕیاری مستەفا کازمی لە چەند پۆستێک دانران، گەڕندنەوەی دابەشکارییە لەسەر بنەمای تائیفی و حزبی.

سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح هەروەها رایگەیاندووە، هاوپەیمانییەکەی دەیەوێ حکوومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی کازمی، دوو کار بکات، کە بریتین لە؛

- دانانی خشتەیەک بۆ دەرچوونی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق لە نزیکترین کاتدا

- دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و دوور لە بەکارهێنانی چەک و دراو.




باسنیوز
Top