چەند بڕیارێک دژی راکان جبوری دەردەچێت

چەند بڕیارێک دژی راکان جبوری دەردەچێت


دەستەی (دەستپاکی) نەزاهەی عێراق چەند بڕیارێک دژی پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک، دەردەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 15-9-2020، دەستەی نەزاهەی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستەی نەزاهە لە کەرکووک، بڕیارەکانی دژی راکان جبوریی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەرکردووە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دادگا دوو بڕیاری دژی راکان جبوری داوە، کە بریتین لە؛

- بانگهێشتکردن بۆ دادگا بۆ لێکۆڵینەوە

- رێگریکردن لە گەشتکردن بۆ دەرەوەی کەرکووک

جگە لە راکان جبوری، دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستەی نەزاهە لە کەرکووک هەمان ئەو دوو بڕیارەی دژی بەڕێوەبەری بینای قوتابخانەکان لە کەرکووک و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 23 فەرمانبەر، داوە.

ئەو بڕیارانە دژی جبوری و بەرپرسەکەی دیکە و فەرمانبەرەکان، بەهۆی تێوەگلانیان لە گەندەڵی لە گرێبەستی دروستکردنی بینای چەند قوتابخانەیەک لە شارەکە، دراوە.

گرێبەستی دروستکردنی 25 قوتابخانە لە شارەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی واژۆ کراوە و دەستەی نەزاهەش باسلەوە دەکات، کە پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت و بەرپرسەکەی دیکە، بەرپرسن لە بەهەدەردانی پارەی گڕێبەستەکە، کە بڕی 57 ملیار و 894 ملیۆن دینارە.

دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ئەو میلیشیایانە راکان جبوریان وەک پارێزگاری کەرکووک، بەسەر شارەکەدا سەپاند.





باسنیوز
Top