عێراق داوای میوانداریكردنی ئاهەنگی 60 ساڵەی دامەزراندنی ئۆپك دەكات
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند وڵاتەكەی بەنیازە ئەمساڵ میوانداری ئاهەنگی یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی ئۆپك بكات و پابەندبوونی عێراقیشی بە پرەنسیپەكانی ڕێكخراوەكە دووپات كردەوە.
وەزیری نەوتی عێراق بروسكەیەكی پیرۆزبایی ئاراستەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی ئۆپك كردووە و ئەوەی وەبیر هێناوەتەوە كە ڕێكخراوەكە بەر لە 60 ساڵە و لە ساڵی 1960دا لە بەغدا دامەزراندنی خۆی راگەیاندووە.
هەروەها گوتوویەتی كە عێراق پشكدار بووە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئۆپك لە داڕشتنی پرەنسیپەكانی ڕێكخراوەكە بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و ئامانجی هاوبەش، كە دووپات لەسەر سەروەریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەكەنەوە، لەگەڵ ڕەخساندنی قازانجە داراییەكانی بۆ پەرەپێدانی ئابووری و گەشەپێدانی وڵاتەكانیان.
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق چاوی لەوەیە ئەمساڵ میوانداری ئاهەنگی ساڵانەی دامەزراندنی ئۆپك بكات كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
باسنيوز