چین: ئەمریكا عێراق و سووریای وێران كرد
پەكین بە توندی دژی راپۆرتی ئەم دواییەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا وەستاوەتەوە، كە بە ناوی "پێشهاتە سەربازی و ئاسایشییەكانی كۆماری چین" بڵاوی كردبووەوە.
لەمبارەیەوە وو چیان گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی چین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە ڕاپۆرتەكەی ئەم دواییەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەیسەلمێنێ ئەم وڵاتە نیەتی خراپی هەیە و دەیەوێ ناوبانگی چین و سوپاكەی لەكەدار بكات.
دەشڵێ پنتاگۆن زانیاریی هەڵەی لەبارەی پەیوەندیی حزبی شیوعی دەسەڵاتداری چین و سوپای چینەوە بڵاو كردووەتەوە، لەگەڵ چەندین زانیاریی نادروست لەبارەی سیاسەتی بەرگری و ستراتیژییەتی سەربازی چین.
وو چیان لەلایەكی دیكەشەوە بە توندی هێرشی كردووەتە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دەڵێ واشنتۆن لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا چەندین جار سیاسەتی بێزاركردنی بەرانبەر چین بەكارهێناوە و دەیەوێ هەژموونی خۆی بەسەردا بسەپێنێ.
دووپاتیشی كردووەتەوە وڵاتەكەی هیچ كاتێك وەكو ئەمریكا نابێتە مەترسی لەسەر وڵاتانی تری جیهان، بەڵكو بە پێچەوانەوە سوورن لەسەر پاراستنی ئاسایشی جیهانی و پشكداری لە گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و پشتیوانی سیستەمی جیهانی.
گوتەبێژە چینییەكە ئاماژەی بە هێرشەكانی ئەمریكا داوە بۆ سەر وڵاتانی جیهان لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا و نمونەشی بە عێراق، لیبیا و سووریا هێناوەتەوە، لەمبارەیەوە دەڵێ واشنتۆن لە شەڕی ئەم وڵاتانەدا بە لایەنی كەمەوە خوێنی 800 هەزار مرۆڤی ڕشتووە.
باسنيوز