یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دەداتە بەریتانیا
چارلس مایکڵ لەدوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مایکڵ مارتین، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا لە توویتێکدا نووسیویەتی "کاتی ئەوەیە حکومەتی بەریتانیا بەرپرسیارییەتەکانی خۆی جێبەجێبکات''. ئاماژەی بەوەش داوە دەبێت رێککەوتنی چوونەدەر بە تەواوی جێبەجێبکرێت، بۆئەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئێرلەندا بێتە کایەوە و پارێزگاری لە شکۆی بازاڕی ئازاد بکرێت.
بەریتانیا لە 31ی کانوونی دووەمی 2021 لە یەکێتیی ئەوروپا چووەدەر و تاوەکو کۆتایی کانوونی یەکەم وەک قۆناخی گوێزەرەوە لەنێو یەکێتییەکە دەمێنێتەوە، کە دەبێت لەو ماوەیەدا لەسەر پەیوەندیی بازرگانیی داهاتوویان رێکبکەون.
زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر چوونەدەری بەریتانیا تێپەڕیوە، بەڵام لە گفتوگۆ بازرگانییەکان پێشکەوتنێکی زۆر کەم بەدیهاتووە و بڕیاریشە لە کۆتایی کانوونی یەکەم بەریتانیا بەتەواوی لە یەکێتیی ئەوروپا بچێتەدەر.
لە ماوەی قۆناخی گوێزەرەوە، بەریتانیا دەتوانێت سوود لە پرۆژە داراییەکانی یەکێتیی ئەوروپا ببینێت و لە ئاستی بازرگانیشدا پێناسی گومرگیی لەسەر کاڵا هاوردە و هەناردەکانی نییە.
دەیڤد فرۆست، سەرۆکی دانووستانکاری بەریتانیا بۆ برێکزت رایگەیاند "ئێمە نابینە وڵاتێکی هاوردەکاری یەکێتیی ئەوروپا و سازش لەسەر مافە بنچینەییەکانمان ناکەین". فرۆست داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات هەڵوێستەکانیان بە جیددی وەربگرن و دەشڵێت، هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە یەکێتیی ئەوروپا لە مەبەستەکانیان تێبگات.
حکومەتی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکات، یەکێتیی ئەوروپا خۆی لە گفتوگۆکان دەدزێتەوە، بەڵام دەبێت بەریتانیا وەکو وڵاتێکی تەواو سەربەخۆ قبوڵبکات.
یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا تۆمەتباردەکات بەوەی هێشتا دەیەوێت سوود لە یەکێتیی ئەوروپا و بازاڕی هاوبەش وەربگرێت و دەشڵێت، بەبێ رێککەوتن هیچ پەیوەندییەکی بازرگانی لەدوای برێکزت لەگەڵ بەریتانیا نییە لەبارەی سنوورە ئاوییەکان و ماسیگرەکان.
میشێل بارنییە، گفتوگۆکاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ برێکزت بە پەیمانگەی نێودەوڵەتیی کاروباری ئەوروپای گوت، بەریتانیا تاوەکو ئێستا هیچ سازشێکی پیشان نەداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە وەکو یەکێتیی ئەوروپا بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان ناکەنە قوربانی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا.
rudaw